"فەتحی میرزائیان" دەرهێنەری فیلمی " شەقامی دوکتور قاسملوو" سەبارەت بە کۆچی دوایی کاک "لوقمان مێهفەر" پەیامی هاوخەمیی بۆ حیزبی دێموکرات نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
''شەهید لوقمان مێهفەر"
لەشکرێکی هزر بار و چەک لەشان بوو
قەتارێکی پڕ لە خەمی نیشتمان بوو
لە دەفتەری تاڵییەکانی وانەی شۆڕش
قەڵەمێکی شەکەرڕێژی دێڕەکان بوو
بنەماڵەی سەربەرزی مێهفەر!
هاوڕێیانی داخداری مامۆستا لوقمان مێهفەر لە حیزبی دێموکرات و ئەندامانی ناوەندی سیاسی!
بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ئەمڕۆ ئاگادار بوومەوە کە هاوڕێیەکی دێرین و بیرمەندێکی بە توانا و دڵسۆزێکی نیشتمانپەروەر "کاک لوقمان مێهفەر" ئەندامی هەیئەتی ئیجرائی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ پەتای نگریسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەی هەولێر کۆچی دوایی کرد و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری بوو.
وێڕای خوێندنەوەی نووسراوە و بابەتەکانی، لە نزیکیشەوە چەند جارێک بە خزمەتی گەیشتبووم و بەختەوەر بووم لە کەلامی شەکەربار و پڕبار و هیوابەخشی و ئەگەر بە کورتی دڵۆپێک لە بەهرە و تواناکانی باس بکەم دەڵێم، کاک لوقمان مافناسێکی پسپۆڕ و قەڵەمێکی بە توانا و دڵسۆزێکی خۆنەویست و مرۆڤێکی ژیر و لەسەرەخۆ بوو. بێگومان کۆچی دوایی کاک لوقمان خەسارێکی گەورەیە نەک هەر لە حیزبی دیمۆکرات، بەڵکوو برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی نیشتمان.
بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی مێهفەر و هاوڕێیانی و خزمان و دۆستان و سەرجەم جەماوەری دڵسۆزی نیشتمان دەکەم.
لە کۆتاییدا لە بارەگای خالقی نیشتمان نزاگۆم کە ڕۆحی ئازیزی تازە کۆچکردوومان بە بەهەشتی ڕزگاری شاد بکات و سەبر و دڵئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ هەموو لایەنێکی پەژارە گرتوو.
براتان
فەتحی میرزائیان (شارۆ)
بریتانیا
١٠ی ئاوریلی٢٠٢١ زایینی