کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە دژی ڕێژیمی ئێران هاتە دەنگ

13:55 - 13 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی فەرانسە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی باڵیستیکی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە به کارێکی تێکدەرانە وەسف کرد.

هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز" بڵاوی کردەوە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسه "ئانیس ڤۆن دەیرمۆڵ" لە بەیاننامەیەکدا باسی لەوە کردووە: "فەڕانسه سەبارەت بە تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستیکییە نێونجبڕەکەی ئێران نیگەرانە. ئێمە سەرکۆنەی ئەم کارە تێکدەرانەیە دەکەین."

وەزارەتی دەرەوەی فەڕانسه جەختی کردووەتەوە ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی موشەکی بالیستیکی لە لایەن ئێرانەوە کە لە توانایدایە کڵاوەی ناوکی هەڵبگرێت، کارێکی تێکدەرانەیە.

ڕۆژی ڕابردووش، "جێرمی هانت" وەزیری دەرەوەی بریتانیا، لە پەیامێکی تویتێریدا تاقیکاریی مووشەکی بالیستیکی ڕێژیمی ئێرانی مەحکووم کرد و ئەو کردەوەیەی ڕێژیمی ئێرانی بە هەوڵێکی تێکدەرانە وەسف کرد.

دوای ئەو تاقیکارییە مووشەکییەی ڕێژیمی ئێران، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ئامریکا هۆشداریی جیددی دایە وڵاتانی ئورووپایی و ڕایگەیاند: "تاران بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەتی پێشێل کردووە".

بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ئامریکا، بەردەوام ڕەخنەیان لە بەرنامەی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران گرتووە و بە مەبەستی گوشارهێنان بۆ سەر ئەم ڕێژیمە و کەمکردنەوەی چالاکییە تیرۆریستییەکانی و گۆڕینی هەڵسوکەوتە تێکدەرانەکانی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژ گەمارۆکانیان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خستەوە و هاوکات ڕێکەوتی ١٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵیش خولی دووهەمی گەمارۆکان دژی ڕێژیمی ئێران دەستی پێ کرد.