کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە: لە گەشتکردن بۆ ئێران خۆتان ببوێرن

13:13 - 5 گەلاوێژ 2720

وەزارەتی ئورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرانسە بە خەڵکی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنییەتیی ناسەقامگیری ناوچەکە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران بپارێزن.

وەزارەتی ئورووپا و کاروباری دەرەوەی فەرانسە، ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ، بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی ڕاگەیاند کە بەهۆی بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە خۆیان لە گەشتکردن بۆ ئێران ببوێرن، هەروەها ئەو فەرانسەوییانەی کە ناتوانن ئێران بەجێ بهێڵن ڕێکاری دروست بۆ پاراستنی تەناهیی خۆیان بگرنە بەر.

ئەو وەزارەتە هەروەها بە خەڵکی وڵاتەکەی خۆی وتووە: "هاتوچۆ لەنێو ئێران بەرتەسک بکەنەوە، لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان خۆیان ببوێرن و باڵوێزخانەی فەرانسە لە بوونی خۆیان لەو وڵاتەدا ئاگادار بکەنەوە".

ئەو هۆشدارییانەی وەزارەتی دەرەوەی فەرانسە بە خەڵکی وڵاتەکەی لە حاڵێکدایە کە شار و پارێزگاکانی ئێران لەڕووی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە دۆخێکی مەترسیداردان و هەروەها ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و وڵاتە زلهێزەکان و هەروەها تەقینەوەکانی ئەم دواییانە لە ئێراندا پەرەی سەندووە.