کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرانسە گوشار بۆ ڕێژیمی تاران دێنێت

10:55 - 8 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دەوڵەتی فەرانسە بۆ جارێکی دیکەش هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران دا کە واژۆکردنی بەرجام تەنیا ڕێککەوتنێکه، دەبێ ئەو ڕێژیمە پابەند بە یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەندێک سەرچاوەی سیاسیی پلەبەرزی فەرانسەوی، بەرپرسانی ئەو دەوڵەتە داوایان لە ڕێژیمی ئێران کردووە کە لەگەڵ ئامریکا دانوستان بکات و ڕێگایەکی جیا لە دانوستان نییە. هەروەها بەرپرسانی فەرانسەوی بە کاربەدەستانی ڕێژیمی تارانیان ڕاگەیاندووە کە دەبێت هەندێک بابەت و مەسەلە لە ڕێگای دانوستان بە ئێران بگوترێت.

ئەو ڕاپۆرتە لە زاری هەندێک سەرچاوەی سیاسیی فەرانسە ئاشکرای کردووە کە بە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران گوتراوە پابەندیی ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی خەڵاتێک نییە بە ئێمەتان دابێت بەڵکوو بە قازانجی خۆتانه؛ بەڵام ئێوە لەگەڵ جیهان هاوکاری ناکەن.

فەرانسە بە نیگەرانییەوە دانی بەوە داناوە کە ئەگەر ڕێژیمی ئێران دەستی بە ئۆرانیۆم ڕابگات، توانایی دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی هەیە.

سیاسەتمەدارانی فەرانسە باسیان لەوە کردووە، سیاسەتی ڕێژیمی ئێران سیاسەتی نیزامیگەرییە کە لە ڕێگای هێزەکانی سپا لە سووریه، عێراق، یەمەن، ئەفغانستان و چەندین وڵاتی دیکە بەڕێوەی دەبات.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵ وەزیری دەرەوەی فەڕانسه لە پرێسکۆنفڕانسێکدا لە شاری ڤییەن باسی لەوە کرد: "ئێران لە دانوستان لە بارەی سێ بابەتی گرینگ وەک: بەرنامەی ناوکی، مووشەکە بالیستیکەکان و ڕۆڵی لە ناوچەدا، کە نیگەرانیی ئێمەی لێ کەوتووەتەوە، ڕێگای دەربازبوونی نییە".

 بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە بەردەوامی ڕایانگەیاندووە، کە لەسەر بەرنامە مووشەکییەکان، لەگەڵ هیچ وڵاتێک دانانیشن و بەرنامە مووشەکییەکان هێڵی سووری ڕێژیمی ئێرانن و بۆ پاراستنی سنوورەکانیان کەڵکیان لێ وەردەگرن، لە حاڵێکدا ئەمە بە دژی ڕێککەوتننامەی شۆرای ئەمنییەتە و ئەو مووشەکانەی کە هەزاران کیلۆمیتر دەبڕن، کارایییان زیاتر لە پاراستنی سنوور دەبێت.