کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانبەرانی شیرکەتی "ئێران خۆدرۆ"ی تەورێز و ماڵخوراوانی "کینگ مانی" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:27 - 4 سەرماوەز 2721

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز، فەرمانبەرانی شیرکەتی "ئێران خۆدرۆ" لە تەورێز دژی شێوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئەو شیرکەتە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

فەرمانبەرانی ئەو شیرکەتە لە ماوەی بیست ڕۆژدا ئەوە دووەمین جارە کە دژی "جیاوازی، نابەرابەریی مووچەی نێوان فەرمانبەرانی تاران و تەورێز، نەبوونی ڕیزبەندی و سەختیی کارەکانیان" کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بەڕێوە دەبەن.

ناڕازییان وتوویانە: "هەتا وڵامی پێویست وەرنەگرینەوە دەست لە مانگرتن هەڵناگرین و بڕیاریان داوە شەو و ڕۆژ لەنێو شیرکەتدا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی پێک بێنن".

لەلایەکی ترەوە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٣ی سەرماوەز بەشێک لە ماڵخوراوانی تۆڕی ڕەمزی دراو "کینگ مانی" لە بەردەم کۆمەڵگەی فێرکاریی تۆڕی "بادران" لە تاران کۆبونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان بە سەردانی دروشم داوایان کردووە سەرمایە لەدەستچووەکانیان پێ بدەنەوە.