کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداری ڕێژیم لە سەردەشت وتوویەتی، کۆچکردن لەو شارە بووەتە کێشەیەکی گەورە

11:07 - 24 رەشەمه 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٢ ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی، "لوقمان خوسرەوپوور" فەرمانداری ڕێژیمی ئێران لە شاری "سەردەشت" وتوویەتی: "کوچکردن یەکێک لە داڵغە گرینگەکانی ئەو شارەیە کە چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەستراوە بە دامەزراندنی کار و پیشەی بنەڕەتی و هەوڵێکی فەرهەنگی".

"خوسرەوپوور" لە درێژەدا باسی لەوەش کردووە کە ئەو کۆچکردنە لە شاری "سەردەشت" بە دوو شێوە ئەنجام  دەدەرێت، یەکەم بۆ ژیانێکی باشتر و دریژەپێدانی خوێندن و دووەم بە ئامانجی پەیداکردنی کار و پیشەیەک.

ناوبراو وتووشیەتی ئەو شارە تواناییەکی یەکجار زۆری بۆ دامەزراندنی کار و پیشە هەیە و هەتا چارەسەرێک بۆ کار و پیشەی لاوەکان نەدۆزنەوە و سنوورەکانی "سەردەشت" لەگەڵ هەرێمی کوردستان نەکرێنەوە، کۆچکردن لەو ناوچەیە هەروا بەردەوام دەبێت و ناتوانن پێشی پێ بگرن.

شاری "سەردەشت" سەرەڕای دەوڵەمەندبوون بە سەرچاوە سروشتییەکان و قوربانیبوونی لە شەڕی ئێران و عێراق، شارێکی بەجێماو لە گشت خزمەتگوزارییەکانە و لەلایەن بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانەوە هیچ گرینگییەکی پێ نادرێت. هەروەها ئەو ڕێژیمە بەردەوام پیلانی ئەوەیە لاوەکان کۆچ بکەن و خەڵکی شارەکانی دیکەی ئێران جێگرەوەیان بکات بۆ ئەوەی دێموگرافیای کوردستان بگۆڕێت.