کوردستان میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە نیسبەت میلیتاریزەکردنی کوردستان لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە و هەروەها چالاکیی پێشمەرگە لە نێوخۆی وڵاتدا، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.
دەقی بەیاننامەکە:
پێداگریی نەتەوەیی کورد، خەباتی ئازادیخوازیی کوردستان لەسەر داخوازییە نەتەوەیییەکانی و خەباتی شێلگیرانەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە پێناوی وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیییەکان، بووەتە هۆی ئەوەی کە کوردستان لە لایەن ڕێژیمەوە بە شێوەیەکی چڕوپڕ ملیتاریزە بکرێ و هێزێکی زۆری دوژمن لە کوردستاندا موڵ بدرێ، کە مەبەستی سەرەکیی کپکردنی دەنگی مافخوازی و ئازادیخوازیی خەڵکی کوردستان و نەهێشتنی چالاکیی پێشمەرگانە بووە.
بووژانەوەی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی ئاخێوی ڕاساندا بووەتە هۆی تێكچوونی ئەو خەون و خەیاڵەی کە ڕێژیم بۆ وڵاتی ئێران بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی پیلانی بۆی داڕشتبوو. ڕاسان و خەباتی نوێی حیزب و چالاکیی چڕوپڕی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نێوخۆی وڵاتدا دوژمنی زۆر تاساندووە و هەراسانی کردووە. هەر بۆیە بەپێی سروشتی هەمیشەییی خۆی هەوڵ دەدا کوردستان زۆرتر میلیتاریزە بکات، هەتاکوو پێش بە خەباتی شاخ و شاری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە بگرێ.
لە درێژەی میلیتاریزەکردنی کوردستاندا کۆمەڵێک پایەگا و بنکەی نوێی سەربازی لە نێوخۆ و بەتایبەتی لەسەر سنوورەکانی باشوور و ڕۆژهەلاتی کوردستان، چەکی قورس وەکوو تانک، نەفەرهەڵگر، تۆپ، کاتیووشا، مینی کاتیووشا و کۆمەڵێک چەکی دیکەی تەیار، دادەمەرزێنێ.
لەو چەند ڕۆژەدا ڕێژیم لە ترسی چالاکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، هێزێکی زۆر و کەرەستەیەکی زۆری نیزامی هێناوەتە سنوور و گوندەکانی ورمێ، شنۆ ، پیرانشار، مەریوان، سەقز و ژاوەرۆ و سەردەشت کە لەو وێنانەی خوارەوەدا بە ڕوونی دیارە، کە بە تەقەکردن و تۆپبارانکردنی مووچە و مەزرا و هەوارنشینەکان، ژیانی خەڵکیان ئەوەندەی دیکە تاڵ کردووە.
فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان