کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی باڵای گرووپی جیهادی ئیسلامی لە باکووری غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژرا

18:20 - 27 بانەمەڕ 2721

لە درێژەی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس و هەوڵە دیپڵۆماتیکەکان بۆ کۆتایهێنان بە توندوتیژییەکان، فڕۆکەکانی ئیسرائیلی لە یەکەم کاتژمێرەکانی ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی بانەمەڕ، چەندین شوێنیان لە لێواری غەزە کردووەتە ئامانجی هێرشی قورسی خۆیان.

ئەرتشی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لە هێرشی ئاسمانیی بەربەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٣٥ بنکەی تێرۆریستیی بوردومان کردووە و ١٥ کیلومیتری لە تونێلەکانی گرووپی حەماس لە غەزە وێران کردووە.

ئیسرائیل وتوویەتی لە ئاکامی ئەو هێرشانەدا خانووی ٩ کەس لە فەرماندە باڵاکانی حەماسی کردووەتە ئامانج.

بە وتەی ئەرتشی ئیسرائیل لەو هێرشەدا یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی جیهادی ئیسلامیی فەلەستین کوژراوە.

''حسام ئەبوو هەربید'' فەرماندەی جیهادی ئیسلامی لە باکووری غەزە بووە.

هێرشی ئەم دواییەی ئیسرائیل بە ٥٤ فڕۆکە و لە ماوەی ٢٠ خولەک ئەنجام دراوە کە یەکێک لە قورسترین هێرشەکان لەو ماوەیەدا بووە.

لە ژمارەی کوژراوانی هێرشی ڕۆژی دووشەممە، ئامارێکی ورد بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە غەزە هەتا پێش لەم هێرشەی ئیسرائیل، ١٩٧ کەس و لە ئیسرائیل ١٠ کەس ڕاگەیاندراوە.

''بنیامین نتانیاهوو'' سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی تێلێڤیزیۆنیدا وتوویەتی هێرشەکان بە هەموو هێزەوە درێژەی دەبێت.