کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی سپای تێرۆریستی پاسداران وتوویەتی، ١٤٤ گوردانی سایبێری لە تاران چالاکی دەکەن

12:23 - 28 خەزەڵوەر 2720

لە درێژەی ڕەوتی سەرکوت و سیخوڕیکردن بەسەر خەڵک لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە تاران وتوویەتی: "بە دەیان گوردانی سایبێریمان لە تاران چالاکی دەکەن".

ڕێکەوتی ٢٧ی خەزەڵوەر، "محەممەد ڕەزا یەزدی" فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران لە تاران وتوویەتی: "١٤٤ گوردانی سایبێری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لەنێو خەڵکدا کاری ڕاهێنان و زیاترکردنی لێهاتوویی دەکەن".

ئەو فەرماندەیەی سپای پاسداران و کاربەدەستانی دیکەی ڕێژیمی ئێران هەموو کاتێک پشتیوانییان لە سنووردارکردن و فیلتێرکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانە ڕێوشوێنی پەیوەندیدار دەگرنە بەر.

لە مانگ و ساڵانی ڕابردوودا بە دەیان کەس لە چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سیاسی و مەدەنییەکان بەبۆنەی بڵاوکردنەوەی نووسراوە و کورتەپەیامەوە لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر دەکرێن و حوکم دەدرێن.