کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەیەکی پێشووی ڕێژیمی ئێران: تۆڵەی هێرشی دڕۆنە نەناسراوەکان دەکەینەوە

13:02 - 29 پووشپەڕ 2720

''ئەردەشیر موتەهەری'' لە فەرماندە نیزامییەکانی پێشووی ڕێژیمی ئێران و بەرپرسی ئێستای کۆمیسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیس لە تویتێکدا پشتڕاستی کردووەتەوە کە لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراوەوە هێرش کراوەتە سەر چەند شوێنی ئێران.

ناوبراو لەم تویتەدا هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە کاتی گونجاودا کردووە و وتوویەتی ئێران بەرپرسیاریەتیی ئەم هەوڵانەی وەئەستۆ دەگرێت.

ناوبراو بەبێ ئەوەی کە وڵاتێک ناو ببات، لایەنی بەرامبەری بە بەرپرسی هێرش بۆ سەر چەند شوێنی ئێران زانیوە.

لە ماوەکانی ڕابردوودا چەند ڕووداوی گرینگ وەکوو تەقینەوە لە دامەزراوەی مووشکە بالستیکەکان و دامەزراوەی ئەتۆمیی نەتەنز لە ئێران ڕوویدا کە هەندێک لە سەرچاوەکان ئیسرائیل بە بکەری ئەو تەقینەوانە دەزانن.

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران وتوویانە کە ئەم ڕووداوانە لە ماوەکانی ڕابردوو، ڕووداوێکی ئاسایی بووەنە، بەڵام چەند حاڵەتیان دەستی دەرەکیی تێدا بووە.

کاردانەوەی ئەو فەرماندە پێشووەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە بەرپرسێکی پێشووی ئامریکا بە هەواڵدەریی ''CNN''ی وتبوو کە ڕێژیمی ئێران بەشێک لە سیستمی بەرگریی هەوایی خۆی خستووەتە بەرزترین ئاستی ئامادەباشییەوە.