کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپاه: قەیرانەکانی ئێران تاقیکاریی ئیلاهییە

19:17 - 5 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، قەیرانەکانی ئێرانی خستووەتە ئەستۆی خوا و وتوویەتی تاقیکارین لە لایەن خواوەیه.

محمەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە لێدوانێکی تازەدا، رۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٤ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە دانیشتنی ساڵانەی یەکیەتیی ئەنجومەنەکانی ئیسلامیی خوێندکارانی زانکۆکانی سەرانسەریی ئێران، کە لە کرماشان بەڕێوە چووە وتوویەتی: "بارودۆخی ئێستای ئێران زۆر هەستیارە و بووەتە هۆی دەغدەغەی لایەنگرانی نیزام بۆ هاتنەدەرەوە لەو بارودۆخە، کە بە ڕای من ئەم بارودۆخە تاقیکارییەکی ئیلاهییە".

جەعفەری لە قسەکانیدا دیسان، وتە کلیشەییەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی دووپات کردووە و وتوویەتی کە دوژمنانی دەرەکی بە بەردەوامی هەوڵ بۆ پێشگرتن لە پێشکەوتنی نیزام دەدەن و دژبەرانی نێوخۆیی شێوەی ڕوانینیان بە ئیسلامی نابی محەمەدی و مودیرییەتی ئینقلابی و جیهادی هەڵەیە.

جەعفەری لە حاڵێکدا، قەیرانەکانی ئێران بە تاقیکاریی خوا دەزانێ و باس لە مودیرییەتی جیهادی دەکات، کە دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمە و بەڕێوەبەرانی ئەو وڵاتە، هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ئێرانن و هەموو گۆشارەکان کەوتووەتە سەر خەڵک و بەرپرسانی ئەو ڕێژیمە هیچ گۆشارێک جیا لە ترسی لە دەستچوونی دەسەڵاتیان نییە.

ئەو بە ناو فەرماندەیەی ڕێژیم، ئاماژەی بەوە کردووە کە لەو ڕێگەیەدا، لەوانەیە هەندێک کەس، بە هۆی پیلانەکانی دوژمن بخەڵەتێن و ڕێگەی ئیمام بەر بدەن، بەڵام ئێمە بۆ پاراستنی نیزام بە هەموو شێوەیەک ڕاوستاوین.

ئەو قسانەی فەرماندەی سپای پاسدارن لە حاڵێکدایە، کە مافیای سپای پاسدران بە تایبەت لە بەشی ئابووریی ئێراندا، هۆکاری سەرەکی قەیرانەکانی ئێرانە و وەکوو ڕوکنی سەرەکیی نیزام بۆ تێکدانی ئێران و ناوچەکە لەپێناو پاراستنی دەسەڵاتی ناڕەوای ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی چالاکی دەکات.