کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران داوای بەردەوامیی گەمارۆکان لەلایەن ئامریکاوە دەکات

17:57 - 20 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: لە حاڵێکدا کە سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران گەمارۆکان بە هۆکاری سەرەکیی کێشە ئابوورییەکان دەزانێت، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران داوای بەردەوامیی گەمارۆکان لەلایەن ئامریکاوە دەکات.

ڕۆژی چوارشەممە، ٢٠ی سەرماوەز، "حوسێن سەلامی"، فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە کۆبوونەوەی بەرپرسانی قەرارگای ئابووریی سپای تێرۆریستی پاسداران، ناسراو بە "خاتەمولئەنبیا"، داوای لە ئامریکا کرد کە درێژە بە گەمارۆکانی دژ بە ئێران بدات.

پاسدار "سەلامی" وتوویەتی، نامانەوێت کە دوژمنانمان گەمارۆکان لا ببەن، بەڵکوو دەمانەوێت درێژەی پێ بدرێت، ئێمە زیندووین و هیچ داوایەکمان لەوان نییە.

فەرماندەی سپای تێرۆریستی پاسداران، قەرارگای "خاتەمولئەنبیا"ی بە هۆکاری شکستی گەمارۆکان و بێهیوایی دوژمنەکان ناو لێ بردووە و پێی وایە کە ئەو قەرارگایە گەورەترین پارێزەری ئابووریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە.

ئەو قسانەی پاسدار "سەلامی" لە حاڵێکدایە کە لە هەمان ڕۆژدا، سەرکۆماری ڕێژیم لە دانیشتنی هەیئەتی دەوڵەتدا بە ڕوونی گەمارۆکانی بە سەرچاوەی کێشە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتە و خەڵکەکەی ناو لێ برد.

ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ڕێژیم، جۆریک لە سەرەڕۆیی و زیادەخوازیی پێوە دیارە کە بە ڕوونی سپای تێرۆریستی پاسداران دەستێوەردان لە هەموو کاروبارێکی ڕێژیم دەکەن و دەست دەبەنە نێو هەموو بڕیار و کارێکەوە.