کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سپای تێرۆریستی پاسداران هەڕەشەی لە خەڵکی کوردستان و ئێران کرد

13:06 - 29 پووشپەڕ 2720

فەرماندەی سپای تێرۆریستیی بەیتولموقەدەسی سنە سەرەڕای دانی ئامادەباشیی تەواو بە هێزەکانیان، وتوویەتی: "تۆڵەی قورس دەکەینەوە لە خەڵکی کوردستان و ئێران".

پاسداری تێرۆریست "سادق حوسێنی" فەرماندەی سپای تێرۆریستیی بەیتولموقەدەسی سنە وتوویەتی: "لە ئێران و کوردستان تۆڵەی قورس لەو کەسانە دەکەینەوە کە زیانیان گەیاندووە بە سپای پاسداران و ئەو کەسانە کە هۆکاری ئەو کارانەن بە توندترین شێوە سزا دەدەین".

هەروەها ئەو پاسدارە تێرۆریستە ڕوو لە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان وتوویەتی: "لە تۆڵەی شەڕی سەوڵاوادا تۆڵە لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەکەینەوە و بکەرەکانی ئەو کردەوەیە بە سزای تاوانەکانیان دەگەیەنین".

سپای تێرۆریستی پاسداران لە ماوەی حەوتووی ڕابردوودا لە ترسی هاتنە سەر شەقام و خۆپیشاندانی خەڵک، ئامادەباشیی تەواویان بە هێزەکانی خۆیان داوە و شارەکانی کوردستان و ئێرانیان میلیتاریزە کردووە.

لە ماوەی خۆپیشاندانەکانی ساڵانی ڕابردوودا سپای تێرۆریستی پاسداران لە هیچ کردەوەیەکی جینایەتکارانە و نامرۆڤانە دەرحەق بە خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستان و ئێران دەستی ناپاراستووە.

سپای تێرۆریستی پاسداران هەموو کاتێک حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیان وەک مەترسییەکی گەورە بۆ سەر خۆیان زانیوە و بە هێرشی مووشەکی، تۆپخانەیی و تەبلیغاتی دەیانەوێت ئەو هەڕەشە لەسەر خۆیان بڕەوێننەوە.