وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی
ساڵی ١٣٩٩ لە ڕوانگەی کارناسانی ئابوورییەوە بە یەکێک لە دژوارترین ساڵەکان لە بواری ئابوورییەوە بۆ خەڵکی ئێران، لە ماوەی نێو سەدی ڕابردوو دێتە ئاژمار .
لەو ساڵەدا نرخی هەڵاوسان، بێکاری، گرانی، دابەزینی بەهای تمەن و هێڵی هەژاری و... گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی کە دۆخی ژیانی خەڵکی ئێران و کوردستانی تووشی چارەڕەشی کردووە.
لەم وتووێژدا، لەگەڵ بەڕێز ''فەرهاد سلێمان پوور'' کارناسی بواری ئابووری، دۆخی ئابووری ئێران و کوردستانمان لە ساڵی ٩٩وە خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
-بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەریرانە ئابوورییانەی کە پێشتر کە کۆماری ئیسلامی لەگەڵیان بەرەوروو بوو، دۆخی ئابووری ئێران لە ساڵی ٩٩ چۆن دەنرخێنن؟
لە ساڵی ۹۹دا وەک چوار ساڵی پێشتر ڕێژەی گەشەی ئابووریی ئێران سفر یان نێگەتیڤ بوو، کە ئەمە بە واتای بچووکوونەوەی ئابووری، مایەپووچوونی کۆمپانیاکان، بێکاربوونی زیاتری خەڵک و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی وڵاتە. بۆ نموونە ڕێژەی بێکاری زۆرە، ئەگەرچی ئامارەکان لەم بارەوە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نیین، ماڵ نییە دوو بێکار و سێ بێکاری نەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە ڕێژەی هەڵاوسان زۆر بەرزە، بۆ شمەکی خۆراک و خواردنەوە لە سەرەوەی سەدا شەستە کە ئەم گرانیە خەڵکی هەراسان کردووە چونکە هێزی کڕینی پارە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەم دەبێتەوە و خەڵک ناچارن شمەکی کەمتر بکڕن. کەم وای هەیە کێشەی بێکاری و هەڵاوسان لە ئابووریدا پێکەوە ڕوو بدەن، بەڵام ئێستا لە ئابووریی ئێراندا هەن و بڕستیان لە خەڵک بڕیوە، ئەم دوو گرفتە داهاتی خەڵک کەم دەکاتەوە و بەرەبەرە ڕێژەی هەژاریی زۆر دەکات و بەپێی ئامارێک سەدا هەشتای خەڵک کەوتەتە ژێر هێڵی هەژارییەوە. کە ئەڵێین ڕێژەی گەشە نێگەتیڤە واتە وەبەرهێنان نەکراوە و پارەیەکی زۆریش ڕووی کردووەتە دەرەوە چونکە کەشی ئابووری و سیاسی لەبار نییە بۆ وەبەرهێنان۰ بە گشتی ئابووریی ێران دەمێکە چووەتە ناو قۆناخێک کە پێی دەڵێن چەقینی ئابووری و کە ئەم قۆناخە لە ڕووی ئابوورییەوە زۆر مەترسیدارە و زۆربەی کێشە و گرفتەکان لەوەی کە هەیە زیاتری دەکات و کەشی لەبارە بۆ رووخانی سیستمی سیاسی.
-ئەو هۆکارانەی کە زیاترین کاریگەریان لەسەر ئابووری ئێران دانا کامانە بوون؟
هەر لە سەرەتای دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیەوە شەڕی ئێران و عێراق کاریگەریی خراپی لەسەر ئابوووری دانا، سەرمایەیەکی زۆری مادی و مرۆیی بە فیڕۆ چوون، لە پاش ئەمەش گرنگی دان بە چەک و چۆڵ، پاڵپشتی لە تۆڕ و تاقمی تیرۆریستی و توندڕو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ململانێ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرایل کە لە پێناویدا تێچوونێکی زۆر دەکات کە ئەمە وایکرد لە سەردەمی ترامپ سزای قورسی بخرێتە سەر و کرۆناشی هاتە سەر، هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران داناوە. لەم چل و ئەوەندە ساڵەدا ئابووریی ئێران کەم و زۆڕ کێشەی هەبووە و ئەمەش بۆ سیاسەتی نابەجێی کوماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە ئابووری کردوەتە قوربانی، ئەگەر بڕێک زیاتر لێی بکۆڵینەوە لە بنەڕەتدا لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی ئێران دێموکراتیک نییە بۆیە ئابووری لە بەرژەوەندی خەڵکدا بەکار ناهێنێ، چونکە هیچ میکانیزمێک نییە ناچاری بکات لە قازانجی خەڵک بجوڵێتەوە، لە سیستەمی دێموکراتیکدا لەبەر ئەوەی هەڵبژاردن هەیە، ڕاگەیاندنی ئازاد هەیە، حیزب هەیە، ئۆپۆزسیۆن هەیە، سەروەری یاسا هەیە کە هەموو ئەمانە حکوومەت وا لێ دەکەن لە بەرژەوەندی خەڵک بجوڵێتەوە، لە ئێراندا هیچ شتێک نییە کە ئەو ڕێژیمە ناچار بکات ئابووری لە بەرژەوەندی خەڵک بەکاربهێنێت. بە کورتی لەبەر ئەوەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دەرەوە و ناوەوە هەڵ ناکات کە ئەمە بۆ کێشەی سیستەمێکەی دەگەرێتەوە، ئەوا سەرمایەی مادی و مڕۆیی بەفیڕۆ دەدات و ئابووری بووەتە قوربانی.
-ئایا ٤ پارێزگای کوردستانی ڕۆژهەڵات لە بەراورد لەگەڵ پارێزگاکانی دیکەی ئێران بەنیسبەت پێوەرە ئابوورییەکان دۆخێکی هاوشێوەیان هەبووە یان جیاوازیان هەیە؟
پارێزگاکانی ئێران جیاوازییەکی زۆر و نایەکسانییەکی زۆریان لە نێواندا هەیە، بۆ نموونە GDP واتە کۆ بەرهەمی ناوخۆی پارێزگای ئیلام کەمترە لە ۸ هەزار ملیارد تمەن، هی پارێزگای سنە کەمترە لە دە هەزار ملیارد تمەن، هی پارێزگای کرمانشان کەمترە لە بیست هەزار ملیارد تمەن، پارێزگای ورمێش بە هەمان شێوە، بەڵام هی ئیسفەهان نزیکەی هەفتا هەزار ملیارد تمەنە، هی خوراسانی ڕەزەوی نزیکەی ٦۵ هەزار ملیارد تمەنە یان هی پارێزگای فارس نزیکەی ۵۸ ملیارد تمەنە، یان بەپێی ئامارێک کە ساڵی ۱۳۹۸ بڵاو کراوەتوە سەدا حەفتای کۆ بەرهەی ناوخۆیی (GDP) لە دە پارێزگای "تاران، خوزستان، ئیسفەهان، بوشێهر، خوراسان ڕەزەوی، فارس، ئازەربایجانی شەرقی، مازندەران، ئەلبورز و کرمان" بەرهەم دەهێنرێ کە لە پارێزگا کوردەکانی لە نێودا نییە. ئەمە بەهێزیی ئابووری ئەو دە پارێزگایە نیشان دەدات و لاوازی پارێزگاکانی تر، کە سەیری ئەو ژمارانە بکەن بۆتان دەردەکەوێ جیاوازیەکە چەن زۆرە، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە گرنگیی بە کەرتی بەرهەمهێنانی پارێزگاکانی کوردستان نەدراوە و بە پێچەوانەوە ئەو پارێزگایانەی تر کەرتی بەرهەمهێنانیان ئاوەدانە و گرنگی پێ دراوە، واتە ئەم پێوەرە کە لە گرنگترین پێوەرەکانە بۆ لێکدانەوەی ئابووری نیشانی دەدات کە سەرەڕای ئەوە کە پارێزگاکانی کوردستان لە ڕووی کەش و هەوا و سەرچاوەی سروشتییەوە لە پارێزگا دەوڵەمەدەکانن کەچی گرنگیی بە کەرتی بەرهەمهێنانیان نەدراوە و بوونەتە پاشکۆ بۆ ناوەند و لە پارێزگا هەژارەکان ئەژمار دەکرێن بە چەشنێک کە زیاترین بێکارییان تێدا هەیە و وەک خۆتان ئەزانن ژمارەی کۆڵبەر دوو سەد هەزار کەسی تێپەڕاندووە، بەشێکی زۆری دەستی کار وەک کرێکاری وەرزی یان کورخانەکان ڕوو دەکەنە شارەکانی ناوەند ولە پارێزگا و شارەکانیان وەبەرهێنانێکی ئەوتۆ ناکرێت. کۆماری ئیسلامی پارێزگاکانی کوردستانی کردووەتە پاشکۆ و سەرچاوە سروشتیەکانی لە نەوتەوە بگرە بۆ زێڕ و کازاکانی تر تاڵان دەکا، لە ڕێگەی ئابوورییەوە خەریکی تواندنەوەی (ئەسەمیلەکردنی) کوردە، چونکە خەلکێکی زۆر ناچارن ڕوو بکەنە ناوەند و خۆیان لەگەڵ زمان و کولتووری ئەو شوێنەدا ڕێک بخەن.
-بەلەبەر چاو گرتنی ئابووری ئێران کە لەماوە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامیی ئێران ساڵ لەگەڵ ساڵ بەرەو خراپی رۆیشتووە، دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە لە ساڵی ١٤٠٠ چۆن وێنا دەکەن؟
ئابووریی ئێران لە بنەڕەتدا بەهۆی سەرەڕۆییەکانی کۆماری ئیسلامی و کێشەی بنەڕەتی تێیدا (وەک خراپ بەڕێوەبردنی ئابووری کە بۆ نەبوونی دێموکراسی دەگەڕێتەوە، گەندەڵی سیستەماتیک، ناشفافیەت، لاوزی کەرتی تایبەت، بەستراوەیی بە نەوت و نفرینی نەوت، حکوومەتی قەبە، بێکاریی زۆر، هەڵاوسانی بێهەوسار، نایەکسانی، رانتخۆری، یارانە و لە کارکەوتن و لاوازی سیستەمی بانکی) لە هەموو ساڵانی تەمەنی ئەو سیستەمە سەقەتە سیاسییەدا و وێرای ئەوانش بەهۆی توندترکردنی سزاکان و نەخۆشی کرۆناوە، دەمێکە چەقیوە و لەپی کەوتووە، لە مێژەیە چووەتە ناو قۆناخی چەقینی ئابوورییەوە(Depression) ، ئێستا ئەمە دۆخەکەیەتی، داینابوو بە هاتنی بایدەن لەگەڵی ڕێک بکەوێ و دەروویەک بە ڕوویی ئابووریدا بکرێتەوە. واتە دۆخی ئابووریی ئێران بەستراوەتەوە بە پیوندیی نێوان لەگەڵ ئەمریکا. ئەگەر وادەبنێین ئیدارەی بایدەن لەگەڵی ڕێک بکەوێت، ئەوا پارەی بلۆکەکراوی ئازاد دەکرێ و ئێران دەست دەکاتەوە بە هەناردەی نەوت و داهاتی نەوتی دێتەوە دەست و لە ئابووریدا خەرجی دەکات و شمەک هاوردە دەکات و دەستی ئاوەڵا دەبێ کە پارە بخاتە بازاڕ و بڕێک دۆخی ئابووری پێ باشتر بکات، ئەگەرچی زۆربوونی نەختینەیی کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخە، واتە گرانبوونی نرخی شمەکە جارێ هەر دەمێنێتەوە. سناریۆیەکی تر ئەوەیە کە ئەگەر لەگەڵ ئەمریکا ڕێک نەکەون، لەم حاڵەتەدا کێشەکان لەوەی کە هەن زیاتر قووڵ دەبنەوە، گەشەی ئابووری هەر نێگەتیڤ دەبێت کە ئەمە بە واتای بچوکبوونەوەی زیاتری ئابووری دێت واتە بێکاریی زیاتر دەبێت، ڕێژەی هەژار زیاتر دەکات و نرخی شمەکیش هەر هەڵدەکشێت، وەبەرهێنان نەک هەر ڕووناکاتە ئێران ئەوەی ناوخۆش ڕوو دەکاتە دەرەوە، بەگشتیی دۆخی ئابووری لەوەی کە هەیە خراپتر دەبێت و ژیان و گوزەرانی خەڵک زۆر زەحمەتتر دەبێت، ئەمەیان ئەگەرێکی بەهێزترە، چونکە ئەو چاوەڕوانی و داواکاریەی کە کۆماری ئیسلامی لە بایدنی هەیە زۆر زەحمەتە بە ئاسانی وڵام بدرێنەوە.