
ئیبراهیم لاجانی
لەم هەفتە و مانگانەی دواییدا، وەزعی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا تادێت پتر بووەتە جێگای نیگەرانی! هەواڵەکان لە نێوخۆی وڵاتەوە ئەوە دەردەخەن کە ڕەوتی سێدارە و لەسێدارەدانی زیندانیان، خێراییەکی زۆری بەخۆوە گرتووە. ژمارەیەکی زۆر لە زیندانیانی سیاسی و دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک، لەگەڵ هەڕەشەی جیددی و دەستبەجێی سێدارە، بەرەوڕوون. ئەوە نەک هەر سەبارەت بەو کەسانە ڕاستە کە بەهۆی بەشداری لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی ئەو دواییانەدا گیراون، بەڵکوو ئەو زیندانیانەش دەگرێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە بە تاوانی سیاسی لە زینداندا ڕاگیراون. ئێستا پاش ماوەیەکی دوورودرێژی بێخەبەری، لەلایەن دەزگای قەزایی ڕێژیمەوە حوکم دەدرێن و سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
پاش ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیدا، چاوەڕوان دەکرا کە فەزای ئەمنییەتی لە ئێران و بەتایبەتی لە کوردستاندا کەمتر بێتەوە. بەڵام هەموو بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە سەرکوت و زەبروزەنگ نەک هەر لە کەمی نەداوە، بەڵکوو لە سەرتاسەری ئێران و بەتایبەتی لە هەندێک ناوچەدا زۆرتریش بووە. گرتن و ڕاونانی خەڵک، دانانی پرسگە لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا، سەپاندنی حوکمی قەزایی قورس بەسەر گیراوەکاندا، چاوەدێریی پۆلیسی بەسەر هەر چەشنە چالاکییەکی مەدەنییدا، داخستنی ئینتێرنێت و سەپاندنی تاریکیی دیجیتاڵی بەسەر خەڵکدا، فشار و پاڵەپەستۆ خستنە سەر بنەماڵەی زیندانیان، هەڕەشە لە هەواڵدەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی، بە نیشانەی توندتربوونی سیاسەتی ئەمنییەتی و فەزای سەرکوت و زەبروزەنگ لەقەڵەم دەدرێن.
ئەو وەزعە لە کوردستاندا زۆر بەرینتر و زەقتریشە. ڕێژیم بەردەوام هەرێمی کوردستانی عێراق بە مووشەک و درۆن، بۆردومان دەکات. کەمپەکانی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان، وەبەر مووشەک دەدرێن. لەو پێوەندییەدا تا ئێستا خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون و ژمارەیەکیش شەهید و بریندار بوون، کە لە نێویاندا ژن و منداڵیش دەبینرێن. ئەوە پێشێلکردنی یاسا و عورفی نێونەتەوەییە.
هاوکات لەگەڵ ئەمە، هەواڵی پڕ لە نیگەرانی سەبارەت بە وەزعی نێوخۆی زیندانەکان بڵاو دەبێتەوە. هەلومەرجی ژیان و گوزەران لە نێو زیندانەکاندا، لەگەڵ لانیکەمی ستانداردە جیهانییەکان و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ ناگونجێت. زیندانیان لە هۆڵی ناتەندروست و قەرەباڵغ و بێ ئیمکاناتدا ڕادەگیرێن. لە خزمەتگوزارییە دەرمانی و لەشساغییەکان بێبەشن. لە ژێر فشاری دەروونی و جەستەییدان. ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن. دەستیان بە پارێزەر ڕاناگات. بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ دەخرێنە ژێر لێپرسینەوە و بازجۆیی. هەڕەشە لە بنەماڵەکانیان دەکرێت و بۆ شوێنی نادیار ڕادەگوێزرێن.
لە پەنای هەموو ئەوانەدا ڕێژیم شەپۆلێکی تازەی گرتن و ڕاونان و تۆقاندنی دەست پێ کردووە. چالاکانی ژینگە، چالاکانی مەدەنی، کرێکاری، خوێندکاری، مامۆستایان و هەموو ئەوانەی بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ دەکەن، بەکۆمەڵ دەگیرێن و ڕەوانەی گرتووخانەکان دەکرێن. ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو سەرکوتە هەر ڕووی لە چالاکانی سیاسی نییە، بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر لە چالاکانی مەدەنی و پیشەیی و سەندیکاییش دەگرێتەوە.
لە هەلومەرجێکی ئاوادا، پێویستە کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆڕ و کۆمەڵەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و بیروڕای گشتیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵات، بۆ لەقاودانی ئەو وەزعە، ڕۆڵێکی چالاکتر بگێڕن. بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و ڕاوەستان بەرانبەر سێدارە، نەک هەر بەرپرسایەتییەکی ئەخلاقییە، بەڵکوو هەنگاوهەڵێنانێکی زەروورییە بۆ پارێزگاری لە کەرامەتی ئینسانی و پێشگیریکردن لە سەرکوت و زەبروزەنگ و توندوتیژیی دەوڵەتی. ئەزموونی وڵاتانی دیکە و تاقیکردنەوەی خۆشمان ئەوە نیشان دەدات کە فشاری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی، زۆر کات دەتوانێت پێش بە جێبەجێبوونی حوکمی سێدارە بگرێت و ببێتە هۆی باشتربوونی هەلومەرجی ناو زیندانەکان.
کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان، سەندیکا و یەکێتییە کرێکاری و پیشەییەکان، ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان، خوێندکاران و هەروەها هەموو لایەنگرانی مافی مرۆڤ، دەتوانن لەو پێوەندییەدا کردەوە و چالاکیی هاوئاهەنگ لەگەڵ یەکتر بەڕێوە ببەن. دەتوانن داوای ناردنی لیژنەی نێونەتەوەیی بۆ سەردانی زیندانەکان بکەن، دەتوانن داوا بکەن کە دەوڵەتەکان فشاری دیپلۆماتیک بخەنە سەر ئێران، داوای بایکۆتی بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم بکەن، دەتوانن پارێزگاری لە بنەماڵەی زیندانیانی سیاسی بکەن، دەتوانن بە دەرکردنی بەیان و نووسینی ڕاپۆرت سەبارەت بە وەزعی زیندانەکان، ببنە هۆی کەمبوونەوەی فشار و پاڵەپەستۆی دەروونی و جەستەیی لەسەر زیندانیانی سیاسی و باقی گیراوانی بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان.
لە کۆتاییدا دەبێت پێ لەسەر ئەوە داگرینەوە کە بەرگری لە زیندانیانی سیاسی و ڕاوەستان بەدژی سێدارە، بەشێک لە بەرپرسایەتیی بەکۆمەڵ و دەستەجەمعیی ئێمەیە. لە کاتێکدا کە زۆربەی زیندانییەکان ناتوانن دەنگی خۆیان بە دەرەوە بگەیەنن، هەموومان لەسەرمانە ببینە دەنگی ئەوان و هاواری ئەوان بە دنیا بگەیەنین. تا کاتێک سێدارەکان ڕانەگیرێن، کۆتایی بە ئەشکەنجە لە زیندانەکاندا نەیەت و زیندانیانی سیاسی ئازاد نەکرێن، کار و تێکۆشان و هەوڵ و خەباتی ئێمە لەو پێوەندییەدا دەبێت هەر بەردەوام بێت. پاراستنی عیزەت و کەرامەتی ئینسانی و ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، ئەرکێکە کە لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێت لە بیر خۆمانی بەرینەوە!