کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مه‌ترسیی لەسێدارەدان لەسەر ٢١ بەندکراوی سیاسیی بەلووچ

16:46 - 17 بانەمەڕ 2726

لە کاتێکدا شەپۆلی لەسێدارەدانەکان لە ئێران بە شێوەیەکی نیگەرانکەر ڕووی لە زیادبوون کردووە، ڕاپۆرتە مافی مرۆڤییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە لانیکەم ٢١ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەیی بەلووچ لە مەترسییەکی جیددیی لەسێدارەداندان.

بەپێی ڕاپۆرتی "تۆڕی بەڵگەنامە مافی مرۆییەکانی بەلووچستان"، ئەو بەندکراوانە وەک ئەدهەم ناروویی، محەممەد زەینەدینی، فەرشاد حەسەن‌زێهی و نەسیمە ئیسلام‌زێهی، لە مافە سەرەتایییەکانی وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و دادگاییکردنی ئاشکرا بێبەش کراون.

نەسیمە ئیسلام‌زێهی، کە دایکی دوو منداڵە لە کاتێکدا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە کە منداڵەکەی لە زینداندا لەدایک بووە و لە بارودۆخێکی ناتەندروستدا ڕاگیراوە.

هەروەها سلێمان شەبەخش، کە لە کاتی گیرانیدا تەنیا ١٢ ساڵ تەمەنی هەبووە، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی ڕووبەڕووی ئەم سزایە بووەتەوە.

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە ئەم سزایانە بەشێکن لە "ئاراستەیەکی ئەمنییەتی و سیاسی" دژی هاووڵاتییانی بەلووچ.

زۆرێک لەو بەندکراوانە تۆمەتی وەک "موحاربه" و "ئەندامەتی لە گرووپە نەیارەکان"یان خراوەتە پاڵ، لە کاتێکدا بنەماڵەکانیان و پارێزەرەکانیان دەڵێن هیچ بەڵگەیەکی یاسایی باوەڕپێکراو بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان لەبەر دەستدا نییە.

ئەم بەندکراوانە لە پرۆسەیەکی دادوەریی نادادپەروەرانە و لەژێر ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێدا سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

چالاکوانانی مافی مرۆڤ داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن گوشارەکانیان بۆ سەر تاران زیاد بکەن تا ڕێگری لەم "کوشتنە حکوومەتییانە" بکرێت.