نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئەمریکا و ئێران، هێرشە تێرۆریستییەکانی ڕێژیم بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بنکەکانی حیزبی دێموکرات نەک هەر نەوەستاون، بەڵکوو بەردەوامییان هەیە.
هەژار برنجی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە واشنگتۆن، لە وتووێژێکی تایبەتدا لەگەڵ "دەنگی ئەمریکا" ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپە بەکرێگیراوەکانی، بەردەوام ئامانجە مەدەنی و سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەپێکن.
ناوبراو هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشانەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە ڕێژیمی ئێران، کوردستان بە ناوەندی سەرەکیی هەر گۆڕانکاری و بزووتنەوەیەکی نێوخۆیی دەزانێت و لێی دەترسێت.
برنجی لە بەشێکی تری قسەکانیدا تیشکی خستە سەر دۆخی بێ پشت و پەنایی کوردی ڕۆژهەڵات و وتی: "بەداخەوە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆر بێ پشتیوان ماونەتەوە. لە کاتێکدا پارێزگاری لە ناوەندە حکوومی و سەربازییەکانی وەک فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێت، بەڵام بنکە و کەمپی بنەماڵەکانی حیزبە کوردییەکانی ئێران بەردەوام دەکرێنە ئامانج و بە تۆمەتی بێبنەمای وەک هاوپەیمانی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، بۆردومان دەکرێن."