بەپێی ڕاپۆرتیی لێکۆڵینەوەیەکی ئاژانسی "زوومیت" و پلاتفۆرمی "جابویژن"، بازاڕی کاری ئێران بەهۆی لێکەوتەکانی شەڕ و پچڕانی هێڵەکانی ئینتێرنێتەوە تووشی شۆکێکی گەورە بووە.
ئامارەکان نیشانی دەدەن کە ڕێژەی هەلی کار لە دوو حەفتەی ڕابردوودا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ٥٣ لەسەد کەمی کردووە.
ئەم قەیرانە زیاتر ئەو بوارانەی گرتووەتەوە کە پشت بە تێکنۆلۆژی و کەرتی خزمەتگوزاری دەبەستن. کەرتی گەشتیاری بە ڕێژەی ٨٠ لەسەد و بازاڕی دیجیتاڵ بە ٨٣ لەسەد تووشی داڕمان بوون. هۆکاری سەرەکیی ئەم سستبوونە بۆ پچڕانی بەردەوامی ئینتێرنێت دەگەڕێتەوە کە کار و کاسبیی ئەو بوارانەی بەتەواوی پەکخستووە.
ئەم دۆخە نالەبارە نەک هەر کەرتی تایبەتی تووشی فەلەجبوون کردووە، بەڵکوو بووەتە هۆی بێکارییەکی بەرفراوان و نەمانی ئەمنییەتی پیشەیی بۆ هەزاران گەنج و شارەزای بواری تێکنۆلۆژی.
لە ڕووی جوگرافییەوە، گەورەشارەکانی وەک تاران و شیراز زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. ئەم ڕاپۆرتە دەری دەخات کە ناسەقامگیریی سیاسی و سەربازی چۆن ڕاستەوخۆ بژێوی خەڵکی کردووەتە ئامانج و بووەتە هۆی ئەوەی شیرکەتەکان لە وەرگرتنی هێزی کاری نوێ بترسن و پاشەکشە بکەن.