کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەڕانسە: تا هۆرمۆز داخرابێت، کەمکردنەوەی گەمارۆکان جێگەی باس نییە

16:50 - 17 بانەمەڕ 2726

ژان نوێڵ بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە، ئەگەرى لادانی تەنانەت "بچووکترین" گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر کۆماری ئیسلامی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە لە ئێستادا ئەم بابەتە "جێگەی باس نییە".

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی فەڕانسە، وەزیری دەرەوەی فەڕانسە ڕۆژی پێنجشەممە جەختی کردەوە کە تا ئەو کاتەی ڕێڕەوێکی وەک گەرووی هۆرمۆز داخرابێت، هیچ گەمارۆیەک لاناچێت و پێویستە ئەم گەروویە لە ماوەیەکی کورتدا بکرێتەوە.

وەزیری دەرەوەی فەڕانسە هۆشداریی دا کە گەرووی هۆرمۆز "سەرمایەیەکی هاوبەشی مرۆڤایەتییە" و نابێت دابخرێت یان وەک ئامرازێک بۆ "باج وەرگرتن" بەکار بهێندرێت.

هەروەها ئاماژەی بە جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکەهەڵگری "شارل دۆگۆل" لە ناوچەی کەنداو کرد وەک پەیامێکی دیپلۆماسیی بەهێز و جەختی کردەوە کە هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکانی فەڕانسە و ژێرخانە مەدەنییەکان، "قبووڵنەکراو و مەحکوومە".

ئەم هەڵوێستە توندەی پاریس نیشانەی هاواهەنگیی وڵاتانی ئورووپایی لەگەڵ ستراتێژیی نوێی نێودەوڵەتی بۆ گوشارخستنە سەر تارانە، بەتایبەت لە پرسەکانی پێوەندیدار بە ئەمنییەتی دەریایی و گەمارۆ ئابوورییەکان کە وەک مەرجی سەرەکی بۆ هەر جۆرە نەرمییەک لە داهاتوودا دیاری کراون.