کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

داڕمانی ئابووریی ئێران و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی لەسەر ژیانی خەڵکی کوردستان

14:28 - 17 بانەمەڕ 2726

ئابووریی ئێران لە ئێستادا بە قۆناغێکی یەکجار سەخت و پڕ لە تەنگژەدا تێدەپەڕێت. داخرانی ناوەندەکانی بەرهەمهێنان بەهۆی کەمیی کەرەستەی خاو، بەرزبوونەوەی لەڕادەبەدەری تێچووی وزە و کێشەکانی گواستنەوە، بووەتە هۆی پەککەوتنی پیشەسازییە ناوخۆیییەکان.

ئەم دۆخە نەک هەر باری دارایی تێکداوە، بەڵکوو جۆرێک لە دڵەڕاوکێ و ناڕوونیی لە داهاتوو لای هاووڵاتییان دروست کردووە. لەم ناوەندەدا خەڵکی کوردستان بەهۆی چاوەڕوانی بۆ باشتربوونی دۆخەکە و گۆڕانکاری لە سیاسەتە ئابوورییەکاندا، لە گوشارێکی دەروونیی بەردەوامدا دەژین.

ئاستی ئەم قەیرانە لە شارەکانی کوردستان بەهۆی کەمبوونی دەرفەتی کار زۆر زیاتر هەستی پێ دەکرێت. بۆ نموونە لە شارۆچکەی پیشەسازیی سەقز، لە کۆی نزیکەی ٧٠٠ کرێکار، زیاتر لە ٣٠٠ کەسیان لە سەرەتای مانگی بانەمەڕەوە بێکار کراون و ئەوانی دیکەش تەنیا نیوەی مووچەکەیان پێ دەدرێت.

 ئەم بێکارییە بەرفراوانە و گرانبوونی سەرسووڕهێنەری نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک کەرەستەی بیناسازی، خۆراک و پاککەرەوەکان لە ماوەی تەنیا دوو حەفتەدا، بژێوی ژیانی بۆ خەڵک و کاسبکاران ئەستەم کردووە.

لە لایەکی ترەوە، نەبوونی پارەی نەخت و پشتبەستن بە سیستەمی بانکی لە کاتێکدا کە زۆربەی کات خزمەتگوزارییەکان پەککەوتوون، نیگەرانیی لای هاووڵاتییان دروست کردووە.

دۆخەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە دووکانداران و کاسبکاران لە کاتی فرۆشتنی هەر شتومەکێکدا زیان دەکەن، چونکە بۆ کڕینەوەی هەمان کاڵا لە ڕۆژی دواتردا، دەبێ بڕە پارەیەکی زیاتر لەوەی دەستیان کەوتووە خەرج بکەنەوە.