کوردستان میدیا: به هۆی ئەوەی کە شارەداریی شاری پیرانشار ناتوانێت بوودجەی دروستکردنی فەرهەنگسەرای ئەو شارە دابین بکات، تەواوکردنی بینای ئەو فەرهەنگسەرایە ڕاگیراوە.
شارەداری شاری پیرانشار، ئاشکرای کردووە، درێژەی دروستکردنی فەرهەنگسەرای شاری پیرانشار، پێویستی بە ٤ میلیارد تمەن بوودجەیە، کە لە ئێستادا شارەداریی ناتوانێت ئەو بوودجەیە دابین بکات و بینای فەرهەنگسەرای ئەو شارە وەک خۆی ماوەتەوە.
"ئەنوەر سەعیدی"، شارەداری ڕێژیمی ئێران لە پیرانشار، باسی لەوە کردووە: بڕی ٤ میلیارد تمەن پارەمان بۆ تەواوکردنی ئەو فەرهەنگسەرایە پێویستە، کە شارەداریی تەنیا توانیویەتی ١ میلیارد تمەن بوودجە دابین بکات و باقی پارەکە لە توانای شارەدارییدا نییە.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، بۆ تەواوکردنی بینای ئەو فەرهەنگسەرایە داوای هاوکاریی لە کەرتی تایبەت کردووە.
"سەعیدی"، دانی بەوە داناوە کە سەرەڕای بەدواداچوونەکان و باسکردنی کێشەی ماڵی بۆ تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە، هیچ لایەنێک پێوەندیدار و بەرپرسان وڵامدەر نەبوونە و تەنانەت کۆمیتەی بەرنامەداڕێژیی شاری پیرانشاریش یارمەتی نەداوین.
ڕووبەری گشتیی ئەو فەرهەنگسەرایە ٢٤٠٠ میتری چوارگۆشەیە، نهۆمی یەکەمی بەشەکانی وەک: کتێبخانە، بەشی ئیداری، هۆڵی کۆبوونەوەکان، هۆڵی کتێب خوێندنەوە و پیشانگای دایمی لە خۆ دەگرێت.
ئەو پرۆژەیە چەندین ساڵە به هۆی دابین نەکردنی بوودجە وەک خۆی ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی خودی ڕێژیمی ئێران، هەر کام لە پارێزگاکانی ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام لە بوودجەی پێشنیاری دەوڵەت بۆ ساڵی نوێ، دیسانەوە لە پەراوێز خراون و بە ڕێژەیەکی بەرچاو بوودجەیان لێ کەم کراوەتەوە.