کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەرمانداری سەقز هەڕەشەی لە خەڵک کرد

12:33 - 15 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ناوەند و ئیدارەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەڕەشە لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کە نابێت بۆ خۆیان یارمەتی کۆ بکەنەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، خەڵکی خۆشناو، هاووڵاتییانی شاری سەقز و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ئەو شارە داوایان لە فەرمانداریی ڕێژیمی ئێران لەو شارە کردووە، کە ئیزن بدات بە شێوەی ڕاستەوخۆ و سەربەخۆ یارمەتی بۆ خەڵکی لێقەوماو کۆ بکەنەوە.

هەواڵنیری ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕایگەیاند: ئەو داواکارییەی خەڵک لەگەڵ دژایەتی فەرمانداری ڕێژیم کە سەر بە ئیتلاعاتە بەرەوڕوو بووەتەوە.

ئەم فەرماندارەی ڕێژیمی ئێران، بە خەڵکی ڕاگەیاندووە، کە دەبێت یارمەتییەکانی وەک جلوبەرگ و خواردەمەنی بە ناوی هیلالی ئەحمەرە کۆ بکەنەوە و لە کۆتاییشدا دەبێت ڕادەستی پارێزگاری سنە بکرێت، کە دواتر ئەوانیش خۆیان دیاری دەکەن کام شار دەبێت یارمەتی پێ بکرێت.

ئەو داواکارییەی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لەگەڵ وڵامی ڕەتی خەڵک بەرەوڕوو بووەتەوە، چونکە خەڵکی کوردستان باوەڕیان وایە ئەو یارمەتییانەی خەڵک بۆ سووریە و لوبنان دەچێت.