کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فەیسبووک و تویتێر حەسێبە نافەرمییەکانی ڕێژیمیان سڕیوەتەوە

13:35 - 8 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: دوو تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و تویتێر، چەندین حەسێبی نافەرمیی سەر بە ڕێژیمی ئێرانیان سڕیەوە، کە لە ڕێگای ئەو لاپەڕەیانەوە بە زمانگەلی عەرەبی و ئینگلیزی پڕوپاگەندەیان دژ بە عەرەبستان و ئیسرائیل و ئامریکا کردووە.

هەواڵدەریی "دی پی ئەیـ"ـی ئاڵمان، ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی جۆزەردان، هەواڵێکی لە داخستنی هەژمارێک لە حەسێبە ساختەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران بڵاو کردەوە.

تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، باسی لە داخستنی چەند لاپەڕەیەکی نافەرمی کرد، کە گوایە سەر بە ڕێژیمی ئێران و ئەرتەشی سایبێریی ئەو ڕێژیمە بوونە.

هەروەها تویتێریش ڕایگەیاند، کە چەند لاپەڕەی ساختە داخستووە، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بەڕێوبەری دەکران.

لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە، کە دەیان لاپەڕەی ساختەی لە لاپەڕە تاکی و گرووپییەکانی جێی گومان و سەربە ڕێژیمی ئێران ڕەش کراونەتەوە.

بەرپرسانی فەیسبووک ڕایانگەیاندووە، ٥١ حەسێبی ساختە و ٣٦ لاپەڕە و حەوت گرووپ و سێ حەسێبی ئینستاگرامیی داخستوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە، کە هەواڵدەریی فەڕانسە، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە سانفڕانسیسکۆ، باسی لە سڕینەوەی ٢٨٠٠ حەسێبی گوماناویی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر کرد.

دەگوترێت کە تویتێر، ئەو حەسێبانەی لە سەرەتاکانی مانگی مەی داخستووە، بەڵام هەواڵەکەی ڕۆژی سێشەممە ٨ی جۆزەردان، لە لایەن ئەمنییەتی سایبێریی "فایر ئای" بڵاو کراوەتەوە.