کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"قائانی" داوای لە حیزبوڵڵای لوبنان کردووە لەم قۆناغە هەستیارەدا ئیسرائیل هان نەدەن

12:35 - 11 سەرماوەز 2720

ڕۆژنامەی لوبنانیی ''لوریان لوژور'' باسی لەوە کردووە کە ''ئیسماعیل قائانی'' فەرماندەی لقی قۆدسی سپای پاسداران ڕێژیمی ئێران لە سەفەرێکی نهێنی بۆ لوبنان لەگەڵ ''حەسەن نەسروڵڵا'' ڕێبەری حیزبوڵڵا چاوپێکەوتنی هەبووە و داوای لێکردووە کە لەم قۆناغە هەستیارەدا ئیسرائیل هان نەدات.

بە وتەی ئەم ڕۆژنامەیە ''قائانی'' لە چاوپێکەوتنی خۆی لەگەڵ بەرپرسانی حیزبوڵڵا لەسەر ئەوە جەختی کردەوە، دەست بۆ هیچ کردوەیەک نەبەن کە ئیسرائیل هان بدات عەمەلیاتی نیزامیی بەربڵاو ئەنجام بدات.

دوای کوژرانی ''موحسێن فەخریزادە'' بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، ئیسرائیلیان بەوە تۆمتبار کرد کە فەخریزادەی کوشتووە و ئەمە نیگەرانیی لە ناوچەکە پەرە پێداوە.

کوژرانی فەخریزادە لەسەر ڕۆحییەی میلیشیاکانی حیزبوڵڵا و لایەنگرانی کاریگەریی قورسی داناوە.

لەمبارەوە گۆڤاری''تایمزی ئیسرائیل'' وتوویەتی، بەنیسبەت ئەمنییەتی ''حەسەن نەسروڵڵا'' لەنێوان میلیشیاکانی حیزبوڵڵا نیگەرانییەکی زۆر دروست بووە، بۆیە ڕێبەری حیزبوڵڵا لە شوێنی مانەوەی خۆی ماوەتەوە و بۆ هیچ شوێنێک ناڕوات.