
جۆڵاکانی فەڕش لە گەڕەکەکانی "نایسەر، ئاساوڵە و کانی کوزەڵە" سەرەڕای ئەوەیکە زەحمەتێکی زۆر دەکێشن بەڵام قازانجی کارەکەیان دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.
بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسانەی جۆڵایی دەکەن مانگانە بە کەمتر لە ١ ملیۆن تمەن کار دەکەن و جیا لەوەش بیمەیان نییە.
بە وتەی "سەید جەلال قوڕەیشی" بەڕێوەبەری گشتیی دابینکردنی کۆمەڵایەتیی پارێزگای "سنه"،لە ئێستادا ٥٠ هەزار ژن لەو پارێزگایە خەریکی جۆڵایین بەڵام بەشێک لە بەڕێوەبەران و دەڵاڵانی فەڕش بە تەواوی ئاگاداری ئەوەن کە ژنان لە کۆمەڵگەی ئێمەدا بێکارن کە ئەو بابەتە بووەتە هۆی ئەوەی کەڵکاژۆ لەو ژنانە وەرگرن و بە نرخێکی کەم کاریان پێبکەن.
پیشەی جۆڵایی لە مێژوو، کولتوور و دابونەریتی خەڵکی کوردستان ڕیشەی داکوتاوە و لە ئێستاشدا هەزاران ژن و پیاو لە شوێنە جیاجیاکانی گوند و شارەکانی کوردستان خەریکی چنینی فەڕش، بەڕە و جاجمن بەڵام قازانجی سەرەکیی ئەو پیشەیە دەچێتە گیرفانی دەڵاڵەکانەوە.