قاچاخی "سمۆرە" لە پارێزگاکانی "ئیلام، سنە، کرماشان، کۆهکیلوویە و بۆیر ئەحمەد" لەلایەن ڕاوچی و قاچاخچییانی ئەو ناوچانەوە زیادی کردووە و بوونی ئەو گیاندارەی لەو ناوچەیە لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە.
لەو ساڵانەی کۆتاییدا ئاگرتێبەردانی دارستانەکان لەو ناوچانە یەکێک لە کێشەکان بۆ سەر ئەو گیاندارە بووە.
بە دوای قاچاخی مادەی سڕکەر، چەک و مرۆڤ، کڕین و فرۆشتنی سمۆرە زیاترین پارەی لێ قازانج دەکرێت.
لە ئێستادا هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر "سمۆرە" لە دارستانەکانی زاگرۆس هەیە و ژینگەپارێزان هۆشداریی ئەوە دەدەن کە ژیانی ئەو گیاندارە لەژێر مەترسیدایە.
لە یاسای تایبەت بە ڕاگرتن و پەروەردەی ئاژەڵان لە ڕێکخراوی بەناو پاراستنی ژینگەی ڕێژیم، ئاماژە بە ڕاگرتن و پێشگرتن لە لەنێوچوونی ئاژەڵەکانی وەکوو ئاسکە کێوی، مێشهەنگوین و تەنانەت دووپشک کراوە، بەڵام هیچ یاسایەک بۆ پارێزگاری لە "سمۆرە" لەبەرچاو نەگیراوە.
سمۆرە گیاندارێکە کە کاریگەریی گرینگی لەسەر پەرەسەندنی دارستانەکان و بە شێوەیەک لە شێوەکان پارێزوانی لە دارستان هەیە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی قاچاخ و لەبەچاونەگرتنی یاسای تایبەت، ژیانی ئەو گیاندارە لەگەڵ مەترسیی لەنێوچوون بەرەوڕوو بووەتەوە.