کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی بەرپرسان و وەزارەتخانەکانی ئێران ناتەبایە

12:47 - 29 پووشپەڕ 2720

نوێنەرێکی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕادەستکردنی دوورگەکانی ئێران بە چینی پشتڕاست کردووەتەوە و وتوویەتی ئەو بابەتە بەشێکە لە سەنەدی هاوکاریی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین؛ وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران ئەو قسانەی وەدرۆ خستەوە.

"مەحموود ئەحمەدیی بیغش"، نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم و ئەندامی کۆمیسیۆنی سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی میللیی ڕێژیم، لە کاناڵی یەکی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕادەستکردنی تەواوەتی و ڕەهای دوورگەکانی ئێران بە چین ڕاستییە، بەڵام هەڵویستی خەڵک و مەجلیس پێشی پێ گرت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: "بەو هیوایە کە ڕادەستکردنی دوورگەکان ڕوو نەدات، چون وا بڕیار بوو کە چینییەکان دەسەڵاتی دوورگەکانیان پێ بدرێت، ئەوەی کە دیارە و ئێمە باوەڕمان پێیە ئەوەیە کە گرێبەست دەبێ بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات دادپەروەرانە لەبەرچاو بگرێت".

پاش دەربڕینەکانی ئەو نوێنەرەی "شازەند"، پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی شەممە ٢٨ی پووشپەڕ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئەو دەربڕینانەی "ئەحمەدیی بیغشـ"ـی وەدرۆ خستەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "دەربڕینەکانی ئەحمەدیی بیغش، نوێنەری خەڵکی شازەند لە مەجلیسی شورای ئیسلامیدا، لە وتووێژ لەگەڵ دەنگ و ڕەنگ سەبارەت بەوەی کە بڕیار بووە دەسەڵاتی دوورگەکانی ئێران بە چین بدرێت لە بنەڕەتەوە درۆیە و دووبارەبوونەوەی ئەو ئیدعا بێ بنەمایانە زەبری قورس لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کۆماری ئیسلامی دەدات".

ئەو دەربڕینانەی نوینەری مەجلیس و وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیمی ئێران، نیشان لە ناتەباییەکی قووڵ لەنێوان سیاسەتوانانی ڕێژیم و وەزارەتخانەکانە کە بووەتە هۆی قەیرانێکی سیاسیی قووڵ لەنێوان بەڕێوبەران و دەسەڵاتدارانی ئەو ڕێژیمەدا.