کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قسەکانی "زەریف" لە فەرانسە چیتر کڕیاری نەماوە

10:53 - 29 گەلاوێژ 2720

بەرپرسێکی فەرانسەوی لە وتووێژ لەگەڵ ڕۆژنامەی "لۆمۆند"دا وتوویەتی: "لە فەرانسەدا هیچ کەس بایەخ بە قسەکانی وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران نادات".

"ژان فڕانسۆ بێر" بەرپرسێکی فەرانسەوی لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی "لۆمۆند"دا وتوویەتی: "ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران و هەڵسوکەوتە دژبە مافی مرۆڤییەکانی بووەتەهۆی بێ نرخبوونی قسەکانی زەریف و لەوە زیاتر هیچ کەس و شتێکی تر لە ئارادا نییە".

"بێر" باسی لەوە کردووە کە: "ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران ناتوانن ڕەخنە لە ئامریکا بگرن چونکە خۆیان یاسای جەنگەڵیان پەیڕەو کردووە و بە پشت بەستن بە تۆمەتی ناڕەوا، خوێندکاران و لێکۆڵەرانی بیانییان زیندانی کردووە".

ئەو بەرپرسە فەرانسەوییە ئاماژەی بەوە کردووە، ڕێژیمی ئێران بە هێزەکانی خۆی ئیجازەی داوە کە هەندێک بڕیاراتی سەرەڕۆیانە بدەن کە ئاکامی ئەو بڕیاراتانە تەنیا خەڵکی ئێران لێی زەرەرمەند بوونە.

هەروەها ناوبراو باسی لەوەش کردووە، بێ بایەخبوونی قسەکانی "زەریف" لە فەرانسە و وڵاتانی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ کردەوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەڵسوکەوتە نەشیاوەکانی ئەو ڕێکخراوە لە ئێران و ناوچەکە.

پێشتر "محەممەد جەواد زەریف" وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی ئێران لە ڕۆژنامەی "لۆمۆند"دا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئامریکا بەتایبەت لە شورای تەناهی لە دژی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران گرتبوو و سیاسەتەکانی ئامریکای وەک یاسای جەنگەڵ ناو بردبوو.