کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوتابییەک لە یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای سنە لەلایەن مامۆستاکەیەوە بەتوندی لێی دراوە

11:51 - 23 سەرماوەز 2721

ماوەی چەند ڕۆژ لەمەوپێش قوتابییەکی پۆلی دووی سەرەتایی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی پارێزگای سنە لەلایەن مامۆستاکەیەوە لێی دراوە و بنەماڵەی ئەو قوتابییە بەنیسبەت ئەو شێوە هەڵسوکەوتە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.

ئەو قوتابییە لە یەکێک لە ناوچە هەژارنشینەکانی پاریزگای سنە ژیان دەکات و باوکی لە تاران کار دەکات.

بە وتەی شایەتحاڵان کاتێک کە دایکی ئەو منداڵە لە هۆکاری لێدانی منداڵەکەی پرسیاری کردووە، بەڕێوەبەری قوتابخانە بە شێوەیەکی نەشیاو وڵامی داوەتەوە.

بەپێی زانییارییەکان کاتێک لەلایەن بنکە پەیوەندیدارەکانەوە داوا لە دایکی ئەو قوتابییە کراوە بۆ پشکنینی منداڵەکەی سەردانی پزیشکی یاسایی بکات وتوویەتی: "پارەی پێویستم نییە".

لێدانی ئەو منداڵە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ماددەی ٧٧ی ئاییننامەی کردەیی قوتابخانەکان هەر جۆرە سزایەکی وەک "بێڕێزیکردن، لێدان و پێدانی مەشقی زۆر بە مەبەستی سزای قوتابییان" قەدەغە کراوە.

جێبەجێنەکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە ماف و دامەزراندنی مامۆستایان بووەتە هۆی ئەوەیکە لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام مامۆستایان بۆ دابینکردنی ویست و داخوازییەکانیان بێنە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتی دەربڕن، ئەوەش دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر بواری دەروونی و ڕەوانیی مامۆستایان هەبێت کە نەتوانن لە پۆلەکانی خوێندن بە باشی ئامادە بن.