کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٣ قوربانی لە ماوەی ٦مانگدا لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان

12:41 - 22 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکانی ڕێژیمی ئێران لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، لە ماوەی ٦مانگی یەکەمی ئەمساڵ‏دا، ٣٣ کوژراو و برینداری لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە ماوەی ٦ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٤دا، ٢٧ کەس بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئینتزامیەکانی ڕێژیم لە سیستان و بەلووچستان کوژراون و ٧ کەسیش بریندار بوون، کە لەکۆی ئەو قوربانیانە ٤ کەسیان ژن و منداڵن.
دەوترێت کە شوناسی ٧ کەس لە کوژراوەکان نادیارە.

کەمپەینی چالاکانی بەلووچ لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەم دۆخە گوتی: لە زۆربەی حاڵەتەکاندا تەنها بە هۆکاری گومان لەوەی کە ئەو کەسانە هەڵگری کەرەستەیەکی قاچاخن تەقەیان لێ کراوە، کە لە ڕاستیددا جگە لە چەند کەسێک، قوربانیان کەرەستەی قاچاخیان پێ نەبووە و تەقەی هێزە ئینتزامیەکان هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێ.

لە کۆی ئەو قوربانیانەدا تەنها ٩ کەس لە نزیکی سنوورەکانی بەلووچستانی ئێران و پاکستاندا کوژراو یان بریندار بوون و ئەوانی دیکە لە شار و گوندەکان یا لە شوێنە گشتیەکان کراونەتە ئامانج.

ئەم کەمپەینە لە درێژەی ڕاپۆرتەکەی‏دا ڕوونی دەکاتەوە کە : هێزە ئینتزامیەکان لە زۆربەی ڕووداوەکاندا شوێنی ڕووداوەکەیان بەجێ هێشتووە و بەرپرسیارەتی تەقەکانیان لە ئەستۆ نەگرتووە.