کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوناغێکی نوێ لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە سووریە

11:16 - 24 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: قوناغێکی نوێ لە هێرشەکانی سپای ئیسرائیل بۆ سەر هێز و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران لە سووریە، دەستی پێ کرد.

لە کاتێکدا ڕۆژی دووشەممە، ۲۲ی ڕێبەندان، بە بۆنەی چل ساڵەی هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی سپای تێرۆریستیی پاسداران، هەڕەشەی تێکەڵکردنی ئیسرائیلی لەگەڵ خاکدا کردووە، یک ڕۆژ پاش ئەو هەڕەشانە، سپای ئیسرائیل لە قوناغێکی نوێدا بە شێوەی زەوینی و ئاسمانی بنکەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران و ڕێکخراوە تێرۆریستییەکانی تری ڕێژیمی ئێران لە سووریە کردە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیوی دەنگی ئیسراییل، ڕۆژی سێشەممە ۲۳ی ڕێبەندان، هێزەکانی سپای ئیسرائیل بە تانک و خۆمپارە بنکەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران و حیزبوڵڵای لوبنان، لە ناوچەکانی پارێزگای "قوێنیتەرە"ی سووریە کردووەتەوە ئامانج و هاوکات فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ئەو ناوچەیەدا سووڕاونەتەوە و چەند بنکەیەکیان لەو ناوچەیەدا کردووەتە ئامانجی ڕاکێتەکانی خۆیان.

ڕێژیمی سووریە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە ڕاگەیاندووە، یەکێک لە بنکەکان کە کراوەتە ئامانجی هێرشەکانی سپای ئیسرائیل، بنکەی چاوەدێریی هێزەکانی سپای سووریە لەو ناوچەیە بووە و بەتەواوەتی تێک ڕووخاوە.

وێڕای ئەوەی کە پێشتر سه‌رۆکوه‌زیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، کە ئه‌گه‌ر ڕێژیمی ئێران ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ بكات و هه‌وڵی هێرش بۆ سەر تێلاڤیڤ و حه‌یفا بدات،‌ دەبێت دواساڵیادی هاتنە سەرکاری ڕێژیمەکەیان بکەنەوە و پێویستە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران ئەم قسەیە بەجیددی وەربگرن، تاکوو ئێستا بەرپرسانی وڵاتی ئیسرائیل بە فەرمی ئەو هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە.