کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەتەر پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دەپچڕێنێت

12:09 - 2 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و قەتەر، بڕیاری ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەی لە لایەن قەتەرەوە ڕاگەیاند.

عەدنان مووسەویپور، بەرپرسی ژووری بازرگانیی ڕێژیمی ئێران و قەتەر بە هەواڵدەریی حکوومەتی "ئیلنای ڕایگەیاندبوو: کە وڵاتی قەتەر پێبەندی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دەبێت و پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ ئێران ڕادەگرێت.

عەدنان مووسەویپور، وتبووی: "لە سێ چوار ڕۆژی ڕابردوودا، چەند دەنگۆیەکمان لە بارەی جێبەجێکردنی گەمارۆوەکانی ئامریکا لە لایەن قەتەرەوە بیستبوو، بەڵام لە چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژووری بازرگانیی قەتەر پێمان ڕاگەینرا کە ئەم دەنگۆیانە ڕاست نین".

ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندبوو: "بەڵام چەند کاتژمێر پێش پێیان ڕاگەیاندین، کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا هەڵسوکەوت دەکەن و تەنیا خواردەمەنی دەرمانمان بۆ دەنێرن".

قەتەر بە یەکێک لە هاوپەیمانەکانی ڕێژیمی ئێران لە قەڵەم دەدرا و ڕێژیمی ئێران بەردەوام پاڵپشتی ئابووریی لەو وڵاتە کردووە و سەروەت و داراییەکانی لەو وڵاتەدا خەرج کردووە، بەڵام ئێستە قەتەریش لە پاڵپشتیکردنی  ڕێژیمی ئێران خۆ دەبوێرێت.