کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئاو لە پارێزگای لوڕستان هەڕەشە لە ٥٠٠ گوند و ١٢ شار دەکات

13:00 - 6 بانەمەڕ 2722

بەپێی هەواڵدەریی "ئیسنا"ی ڕێژیمی ئێران، ڕێژەی کەمیی بارانبارین و بەردەوامیی کەمبوونەوەی ئاوی سەر زەوی و ژێر زەویی پارێزگای "لوڕستان"، لە وەرزی گەرمای ئەمساڵدا ٥٠٠ گوند و ١٢ شاری ئەو پارێزگایەی خستووەتە ژێر هەڕەشەی بێ ئاوییەوە.

لەچاو ساڵی ڕابردوو، ڕێژەی بارانبارین لەو پارێزگایە ٦ لەسەد دابەزیوە و لە ئێستادا ١٣٠ لق لە ڕووباری سەرەکی و لاوەکی کە ٩ هەزار کیلۆمیتر لە خاکی پارێزگای "لوڕستان" پێک دەهێنن، لەژێر وشکەساڵی و بێ ئاویدان.

ساڵی ١٤٠٠ لەگەڵ وشکبوونی ڕووبارە سەرەکییەکانی "لوڕستان" لەوانە "کەشکان، سیلاخۆر، مادیان ڕوود، کاکە شەرەف" و زۆربەی ڕووبارەکانی دیکە زیانێکی زۆریان بە کەشتوکاڵ و ئابووریی ئەو پارێزگایە گەیاند.

هەروەها هاوینی ساڵی ڕابردوو، ١٢٠ گوندی پارێزگای "لوڕستان" تووشی بێ ئاوی بوون کە بە تانکێر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەکرا.

قەیرانی بێ ئاوی لەو پارێزگایە زیاتر بۆ ڕاگواستنی ئاو بۆ شارەکانی ناوەندی ئێران، لەلایەن سپای پاسداران و لێدانی بەنداو و کەڵکوەرگرتنی ناستاندارد لە ئاوی "لوڕستان" و بەگشتی ناوچەی زاگرۆس دەگەڕێتەوە کە ناڕەزایەتیی زۆربەی خەڵکی لێ کەوتووەتەوە.