کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێراندا بێدەرمانە

13:00 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسێکی ڕێژیم هۆشداری داوە، کە چی دیکە دەرمان بە ڕادەی پێویست لە ئێراندا دابین ناکرێت.

عەلی ئەمیر سەوادکووهی، بەرپرسی ئەنجومەنی چاوەدێرییە تایبەتەکان، لە بارەی قەیرانی دەرمان لە ئێراندا هۆشداری داوە و وتوویەتی: تەنانەت ئانتی بیوتیکیشمان بۆ دابین ناکرێت و ئەگەر هەروا قەیرانەکە بەردەوام بێت، نەخۆشخانەکانیش دادەخرێن.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی نەخۆشخانەکان کردووە و وتوویەتی: هێندێ لە نەخۆشخانەکان سەرەڕای نەبوونی دەرمان، کەلوپەلی پزیشکی تایبەتیان نییە و هیچ بوودجەیەک بۆ دابینکردنی پێداویستی نەخۆشخانەکان و دەرمان نییە و باسی لەوە کردووە، ئەگەر بەشی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەست پێ بکات، بارودۆخەکە زۆر خراپتر دەبێت.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، هەرچەند دەرمان لە لیستی گەمارۆوەکانی ئامریکا نییە، بەڵام قەیرانی ئابووری و کێشەکانی بازاڕی ئەرز وای کردووە، کە نەبوونی دەرمان لە ئێراندا لە زۆرینەی دەرمانەکان تا ٣٠٠ لەسەد زیاد بووەتەوە.

بە هۆی کردەوەکان و بەڕێوەبەریی هەڵەی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، بارودۆخی ئێران ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قەیراناویتر دەبێت و ژیان و گیانی خەڵکی ئێرانی لەگەڵ مەترسی بەرەوڕوو کردووەتەوە.