کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی هەمیشەیی ئاو خەڵکی لە ئێراندا وەزاڵە هێناوە

18:43 - 18 بانەمەڕ 2721

خەڵکی ٦ گوندی بەشی غەیزانییە بەهۆی کەمبوونی ئاو و نەبوونی کوالێتیی باش بۆ ئاوی خواردنەوە لە بەرانبەر باڵەخانەی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای خووزستاندا لە ئەحواز دەستیان دایە مانگرتن.

خەڵکی گوندەکانی "ڕەوزەنە، هوورەی سەید یووسف، شەریفییە، ئەبووکەبیرییە، غەدیری حەبسە و مەدینات" کە لە بەشی غەیزانییەدان و گوندی مەشرێحات ڕۆژی شەممە ١٨ی بانەمەڕ بەهۆی کەمبوونی ئاو و کوالێتیی ئاو دەستیان داوەتە مانگرتن.

خەڵکی ئەو گوندانە وتوویانە هێڵی ئاوی خواردنەوەی ئەو گوندانە نوێیە بەڵام پێویستیی بە دانانی پۆمپ لەسەر ڕێگای ئاوەکەدا هەیە بۆ پۆمپاژی ئاو بۆ گوندەکان.

هەروەها گوندەکانی ڕەوزەنە، هوورەی سەید یووسف و ئەبووکەبیرییە ئاوێکی کەمتریان بەنیسبەت گوندەکانی دیکەوە بەردەکەوێت.

گوندنشینانی ناوچەی غەیزانییە بەردەوام لەگەڵ کێشەی بێ‌ئاوی بەرەوڕوون و پێشتر چەندین جار داواکارییەکانیان بردووەتە لای بەرپرسانی پەیوەندیدار بەڵام لە بەرانبەردا بەرپرسان وادەیان پێیان داون و هیچ کارێکیان لەپێناو چارەسەریی ئەو دۆخەدا نەکردووە.

خەڵکی ئەو گوندانە بەهۆی بێ ئاوی و بێ کیفایەتییەکانی ڕێژیم بە تانکێر ئاوی پێویستی خۆیان دابین دەکەن.