کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی پارە، داخرانی کۆمپانیاکان و بێکاریی کرێکاران

12:47 - 19 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران و دەستەوەستانی کارگەکان لەمەڕ بەدەستهێنانی ماددە سەرەکییەکان، دەیان کۆمپانیا تووشی کێشە هاتوون و بە سەدان کرێکار بەو هۆیەوە بێکار کەتوون.

ڕۆژی یەکشەممە ڕیکەوتی ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەواڵدەریی ئیلنا باسی لەوە کردووە، لە سەدان کرێکاری کارخانەی نەساجیی جولفاکاران، بە هۆی ڕاوەستانی هێڵی بەرهەمهێنانی ئەو کارخانەیە، لە کار بێکار بوون.

یەکێک لە بەرپرسانی ئەو کارخانەیە رایگەیاندووە: "بە هۆی داخرانی ٢ هێڵی بەرهەمهێنان ٢٠٠ کرێکار بێکار بوون"، هەروەها ئەو بەرپرسە ڕایگەیاندووە، کە ئەو کارخانەیە هەتا ڕۆژی چوارشەممە بەتەواوەتی دادەخرێت و هەموو ٥٢٠ کرێکارەکەی بێکار دەبن.

لە لایەکی دیکەدا، بە هۆی گرانبوونی دۆلار کارخانەکانی بەرهەمهێنەری کەرستەی نووسین توانایی کڕین و بەدەستهێنانی ماددەی خاویان نەماوە و بەو هۆیەشەوە نرخی پێنووس و تێنووس لە بازاڕەکاندا ڕووی لە هەڵکشانە و ئەگەری داخرانی زۆربەی ئەو کارخانانەش لە ئارادایە.

زۆربەی کارخانەکان لە ئێراندا بە هۆی لاوازبوونی کارەکانیان توانایی دانی مووچەی مانگانەی کرێکارەکانیان نەماوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا کرێکارانی پارسی جنووبیی عەسەلوویەش، بە هۆی وەدواکەوتنی ٦ مانگ مووچەکانیان، ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان دەستیان داوەتە ناڕەزایەتی و لە بەردەم دەفتەری شیرکەت کۆ بوونەوە.

یەکێک لەو کرێکارانە بە هەواڵدەریی ئیلنا ڕایگەیاندووە: "هەموو شتێک بە یەکجاری گران بووە و بنەماڵەکانمان بۆ بژێوی ڕۆژانەیان داماون، ناتوانین تاقەت بێنین گەر بەم شێوەیە کۆمپانیا مووچەمان پێ بدات".

ئەگەرچی هێشتا بەتەواوەتی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئیران دەستیان پێ نەکردووە، بەڵام کارناسانی ئابووری باس لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی یەکجاری ئابووری ڕێژیم دەکەن.