کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کاغەز، بووە هۆی قەدەغەکردنی چاپی پایاننامەکان

12:16 - 6 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: بە هۆی کەمیی کاغەز لە ئێراندا، وەزارەتی علومی ڕێژیم، چاپی هەر چەشنە ڕاپۆرت، نامە و پایاننامەیەکیان قەدەغە کرد.

"موجتەبا شەریعەتی"، جێگری پەروەردەی وەزارەتی علوم، لە بەخشنامەیەکدا بۆ سەرجەم زانکۆکانی ئێران، داوای کردووە کە ئاگاداری بەکارهێنانی کاغەز بن و چاپکردنی پایاننامە، ڕاپۆرت و بابەتە دەرسییەکانی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

لە دوای هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام و وەگەڕخستنەوەی گەمارۆی ئابووریی نوێ بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، وڵاتی ئێران لەگەڵ قەیرانی کاغەز بەرەوڕوو بوویەوە و کاغەز چووە نێو لیستی کاڵا گرینگ و کەمەکانەوە.

ناوەندەکانی خوێندن، چاپخانەکان، ڕۆژنامە، گۆڤار، بڵاڤۆک و چاپەمەنییەکان و...، بە هۆکاری نەبوون و یان کەمبوون و گرانبوونی لەڕادەبەدەری کاغەز، زۆربەی چالاکییەکانیان ڕاگرتووە یان لانیکەم کەمیان کردووەتەوە، تەنانەت زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاڤۆکە گرینگ و پڕخوێنەرەکانی ئێرانیش، بەم بۆنەوە ڕێژەی لاپەڕەکانیان دابەزاندووە و هەروەها ماوەی بڵاوکردنەوەیشیان درێژخایەنتر کردووەتەوە.

هەرچەندە بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هۆکاری کەمی کاغەز بۆ گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا دەگەڕێننەوە، بەڵام  هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا بڵاویان کردەوە کە زیاتر لە چەند میلیارد تمەن بۆ کڕینی کاغەزی جگەرە دابین کراوە.