کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کۆرۆنا لە ئێران؛ جەختکردنەوەی خامنەیی لەسەر بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی مەزهەبی

19:20 - 20 گەلاوێژ 2721

سەرەڕای ئاماری فەرمیی بێ وێنەی کۆرۆنا لە ئێران، ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان لە ئێران بەڕێوە دەچن و ''عەلی خامنەییـ''ـش لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمانە جەختی کردووتەوە و وتوویەتی: ''ئێران پێویستی بەو ڕێوڕەسمە پڕبەرەکەتانە هەیە''.

ناوبراو داوای ڕەچاوکردنی ڕێکارە تەندروستییەکانی لەو ڕێوڕەسمانەدا کرد، بەڵام بە ڕای کارناسان پابەندبوون بە ڕێکارە تەندروستییەکان لە ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان بە شێوەی کردەیی ئیمکانی نییە.

چەند ڕۆژ لەمەوبەر دوای ئەوەیکە ستادی بەرنگاربوونەوە لەگەڵ کۆرۆنا لە ئێران چەندین ڕێکاری وەکوو شێوەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ماتەمین ڕاگەیاند، ڕۆژنامەی ''ئێعتماد'' ئەو ڕێکارانەی بە "بێ کەڵک و ناباوەڕ پێکراو'' ناو برد.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٥٣٦ کەس بەهۆی نەخۆشیی کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و نزیک بە ٤٢ هەزار و ٥٤١ کەس وەکوو تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا ناسێندراون.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی لە سەرەتای تەشەنەسەندنی نەخۆشیی کۆرۆنا هەتا ئێستا ٩٥ هەزار و ٦٧٤ کەس گیانیان لەدەست داوە و نزیکەی ٤ ملیۆن و ٢٨٢ هەزار کەس تووشی ئەو نەخۆشییە بوونە.

ئەوە لە حاڵێکدایە ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران جیگای باوەڕ نین و ڕێکخراوی نیزامی پزیشکیی ئێران ڕێژەی دروستی قوربانییانی کۆرۆنای بە ٣ هەتا ٤ بەرابەری ئاماری فەرمیی کۆرۆنا بەراورد کردووە.

کەمی و گرانیی دەرمانەکان، کەمیی سێرۆم، نەبوونی تەخت لە نەخۆشخانەکان، دابەزینی خێرایی واکسیناسیۆن، کەمیی ئەو واکسەنانەی کە لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانییەوە پشتڕاست کراونەتەوە و کەمیی قەبر لە گۆڕستانەکان ئەو دۆخەیە کە لە ئێران بە قەیرانی کۆرۆنا ناسراوە.

لە شاری مەشهەد بە دەسپێکی مانگی محەڕەم ئاماری قوربانییانی کۆرۆنا بە شێوەیەک بەرز بووەتەوە کە لە ساردخانەی نەخۆشخانەکان جێگای تەرمەکان نابێتەوە.

ئەندامێکی کۆڕی نوێنەرانی پارێزگای ئیلام باسی لە هاتنی کارەسات کردووە و وتوویەتی کە تووشبووان بە کۆرۆنا لەسەر شەقامەکان دەخەون و تەنانەت دەرمانیش وەدەست ناکەوێت.

هەموو ئەوانە لە حاڵێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم زیاتر لە ساڵێکە وادەی بێ بنەما بە خەڵک دەدەن و هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو نەخۆشییە نەگرتووەتە بەر، بەڵکوو زیاتر پەرەیان بەو نەخۆشییە داوە.