کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەمئاوی هەڕەشە لە خەڵکی "خۆی" دەکات

13:42 - 2 خەرمانان 2720

شاری "خۆی" لە ئاستی ئێراندا بەنیسبەت بێئاوییەوە لە دۆخێکی مەترسیداردایە و نەبوونی ئاو هەڕەشەیەکی جیددییە بۆ سەر ژیان و ئابووریی خەڵکی ئەو شارە.

"عادڵ نەجەفزادە" نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم لە "خۆی" بە ئاماژەدان بە دۆخی سووری شاری "خۆی" بەنیسبەت بێئاوییەوە وتوویەتی، ئەو شارە لە ئێستادا لەگەڵ کێشەی بێئاوی بەرەوڕوویە و بەنداوی "غازان" لە ماوەی ١٠ ساڵدا هێشتا نەگەیشتووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە.

ئەو نوێنەرەی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، ئەگەرچی کە ئاوێکی زۆر لە ڕووبارەکانی "قوتور و ئەلەند"دا هەیە، بەڵام خەڵکی خۆی بەدەست بێئاوییەوە دەناڵێنن.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی کە بۆ تەواوکردنی بەنداوی "خۆی" پێویستی بە ١٢ ملیارد تمەن پارە هەیە و هەندێک کەس ناهێڵن ئەو بەنداوە کارەکەی درێژە پێ بدات.

هەروەها کێشەی بێئاوی بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەو سەرمایەدارانەی دەیانهەوێت لەو شارەدا سەرمایەگوزاری بکەن لە "خۆی" دوور بکەونەوە و ئەوەش زیانێکی گەورەیە بۆ ئابووریی ئەو شارە.