کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا قووڵتر دەبنەوە

15:16 - 28 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی گرانی و دۆخی ئابووریی لە ئێراندا، دیاردە دزێوەکان لە کۆمەڵگادا زیاتر پەرە دەستێنن و کاربەدەستانی ڕێژیمیش بە نیسبەت هەموو کێشەکانەوە تەنیا دروشم دەدەن.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە پێوەندییەکی تەلەفوونیدا بە نیسبەت دۆخی ئابووریی و گرانی باسی لەوە کرد کە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران و کوردستاندا بە هۆی گرانیەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و کۆمەڵگای زیاتر تووشی قەیران کردووە.

ئەو هەواڵنێرە باسی لەوە کرد لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا پۆلیسی ئاگاهیی ڕێژیم لە  شاری سەقز تەنیا لە گەڕەکی تازاوای سەقز زیاتر لە دە کەسی دەستگیر کردوە کە بە شێوەی باند خەریکی دزی بوونە. هاوکات چەند ڕۆژ لەمەوبەر وکانێکی ئاجیل و سیگارلە لە مەیدانی هەڵۆی ئەو شارە تاڵان کراوە.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە قسەکانیدا باسی لەوەش کرد که ڕۆژانە سواڵکردن، دزی و ... زۆر لە دوای ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت و زۆربەی خەڵکیش بە هۆی هەژاری و گرانی توانای ئەوەیان نییە سەردانی نەخۆشخانەکان بکەن.

مانگی خەرمانانی ئەمساڵیش ، لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، شەوانە کەسانێکی نەناسراوی دەمامکدار بە چەکەوە، لە ڕێگای نێوان شار و گوندەکان پێشیان بە ماشێنی هاونیشتمانییان دەگرت و هەر جۆرە پارە و کەلوپەلێکی بەکەڵکیان پێ بایە لێیان دەستاندن.

هەروەها سەرەتای مانگی سەرماوەز ئەمساڵ،  لە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، پاسگای دارەلەک بە هاوکاریی هێندیک کەسی خۆجێی ناوچەکە، باندێکی دزی و تاڵانیان پێک هێناوە و سەروەت و دارایی خەڵک دەدزن.

خەڵکی کوردستان لەو ڕووداوانە زۆر نیگەرانن و لەسەر ئەو باوڕەن کە ئەوە کاری چەکدارانی سەر بە ڕێژیمە و پلانییان هەیە کە خەڵکی برسی و بێ دەرەتانی ناوچەکە، ئەوەندەی دیکە وەزاڵە بێنن و چەشنێک لە نائەمنی لەم ناوچەیە درووست بکەن تاکوو پاساوێکی دیکە بێت بۆ میلیتاریزەکردنی زیاتری ناوچە.