کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران لەنێو قەیراندا هەڕەشە لە خەڵک دەکات

17:11 - 14 رەشەمه 2719

سەرەڕای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆرۆنا بە شێوەیەکی بەرچاو لە سەقزدا، پیسبوونی ئاوی هەندێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارەش قەیرانێکی جیددییە کە هەڕەشە لە گیانی خەڵک دەکات.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە خەڵکی کوردستانی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە .

سەقز یەکێک لەو شارانەیە کە ڕێژەی گیرۆدەبوونی خەڵک بەم نەخۆشییە لە ئاستێکی بەرزدایە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، چەند کەسێک بەهۆی ئەم نەخۆشینەوە گیانیان لەدەست داوە .

سەرەڕای هەمووی ئەمانە ئاوی خواردنەوەی ئەم شارە یەکێک لە خراپترین ئاوەکانە و ڕێژیم ئیزن نادات بە گوێرەی پێویست خەڵک لە ئاوی بەنداوەکانی "چراغ وەیس"  و "لەگزی" کەڵک وەربگرن .

خەڵکانێکی زۆر لەم شارەدا بەهۆی پیسیی ئاوی خواردنەوە تووشی نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیگەلی جۆراوجۆری چڵکی بوونە.

لەم ڕۆژانەدا ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی "حەماڵاوای سەروو" و "حەماڵاوای خواروو"، "تازاوا"، "شارەکی جاقل" و "کەریم ئاوا"، بە ڕێژەیەکی بەرچاو لێڵ بووە و سەرەڕای پەیوەندی گرتنی خەڵکی ئەم گەڕەکانە بە ئیدارەی ئاو و ئاوەڕۆی شاری سەقزەوە هێشتا ئەم گرفتە لەم کاتە هەستیارانەدا چارەسەر نەکراوە .

پیسیی ئاو لە کاتێکدایە کە زۆربەی خەڵک بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆناوە لە ماڵەکاندان و لە هەموو شتێک زیاتر پێویستییان بە ئاوی خاوێن هەیە.

ماوەی چوار ڕۆژە دۆخی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی شاری سەقز بەو شێوازەیە و هیچ هەوڵێک بۆ چارەسەریی نادرێت و پێشتریش ئەم دۆخە ڕووی داوە کە خەڵک ناچار بوونە ڕوو لە کانیاوەکان بکەن.