کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیران لە ئیلام لەبڕان نەهاتووە/ بوومەلەرزەی موورمووری+ وێنە

16:43 - 4 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: قەیران لە ئیلام چەند قات بووەتەوە، قەیرانی پارێزگای ئیلام، قەیرانی بوومەلەرزەی ئەم دوایی‌یانە و هەروەها ئەو قەیرانەی کە ستادی قەیرانی گرتووەتەوە.
کاتژمێر ٢:٠٧ خولەکی سەرلە بەیانیی رێکەوتی ٢٧ی گەلاوێژ، بوومەلەرزەیەک بە گوژمی ٦،١ بە پێوەری ریشتەر، بەخشی موورمووریی لە پارێزگای ئیلام هەژاند.

لەو رۆژەوە هەتا ئێستا پاش یەک هەفتە خاکی موورمووری و دەوروبەری لە لەرزین نەکەوتووە و زیاتر لە ٦٠٠ پاش لەرزەی گەورە و بچووک ئەو ناوچەیان هەژاندووە.

قەیران لە نێو قەیراندا و لە کاتێکدا کە لێژنەی قەیرانیش بۆ خۆی تووشی قەیران بووە، بەشێکی دیکەی لە کێشە و گرفتەکانی دانیشتوانی ناوچەی موورمووریی لە پارێزگای ئیلامە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکانی رێژیم بوومەلەرزەی ئیلام هیچ زیانێکی گیانیی بە دواوە نەبوو، بەڵام زیاتر لە ٥٠٠ هاووڵاتی بریندار بوون.

ئەو بوومەرزەیە خەسارەتێکی مەزنی لە ژێرخانی موورمووری و گوندەکانی دەوروبەر و دێهلۆڕان، دەرە شار و بەدرە دا.

قەبارەی خەسارەکانی بوومەلەرزەی موورمووری و شارەکانی دەوروبەری بە پاش لەرزەکانییەوە هەتا ئێستا ١٢٠ میلیارد تمەن خەمڵێنراوە.

پارێزگاری ئیلام وتوویەتی: بوومەلەرزەی ئابدانان و دێهلۆڕان زیانی بە ١٨ هەزار یەکەی نیشتەجێ بوون، بازرگانی، ئیداری و ژێرخانی ئەو شارستانانە و ناوچەکانی دەوروبەری گەیاندووە.

لەلایەکی دیکەشەوە تێکڕای دانیشتوانی ناوچە بوومەلەرزە لێدراوەکان لە ماڵەکانیان ئاوارە بوون و بەهۆی پاش لەرزە گەورە و بچووکەکانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و شەو و رۆژ لەسەر شەقام و کۆڵانەکان و هەروەهاشوێنە کراوەکاندا دەمێننەوە کە ئەمەش لە باری تەندروستی، خواردن و خواردنەوە و کەمیی شوێنی حەوانەوە، گرفتی بۆ هاووڵاتییان دروست کردووە.

خراپیی رێگاکانی هاتوچۆ و داڕمانی جاددەکان لە موورمووری و دەوروبەری، بەشێکی دیکە لە کێشەکانی خەڵکی ئەو ناوچەیە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوە کە یارمەتییە مرۆیی‌یەکانی نەگاتە دەستی لێقەوماوان.