کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاوەکان، شینی خەڵک و شایی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران

13:04 - 16 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هاتنی لافاو لە کوردستان و ئێراندا وێرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە، بەڵام کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران شایی دەگێڕن.

لە سەرەتای نەورۆزە شەپۆلێکی بارانبارین شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە. بارینی بارانی بەلێزمە بە شێوەی بەردەوام بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بووە هۆی ئەوەی کە ڕووبار، چۆم و شوێنەکانی ڕێڕەوی ئاو دەفەرایەتیان پڕ بێت و لافاو دروست ببێت.

لافاوەکان زیانێکی ماددی و مەعنەویی زۆری لێ کەتووەتەوە، خەڵک لێقەوماو شین دەگێڕن و کاربەدەستانیش شایی.

هاتنی ئەو لافاوە ماڵوێرانییەکی زۆری لێ کەوتووەتەوە و ماڵ و حاڵی خەڵک شێواوە. چەندین گوند وێران بوون و ڕێگای پێوەندی ٥٠ گوندی کرماشان  و ٢٠٠ گوندی خوڕەماوای لوڕستان پچڕاوە.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، هەتا ئێستاش بە شێوەی پێویست بە هانای خەڵکەوە نەچوونە و هەڕەشەش لە خەڵک دەکەن، نابێت یارمەتی به خەڵک بدەن و لە ڕێگای هیلالی ئەحمەرەوە دەبێت یارمەتی کۆ بکرێتەوە.

لەو پێوەندییەدا، "ڕەزا ئەردەکانیان"، وەزیری وزەی ڕێژیم، باسی لەوە کردووە: هاتنی لافاوەکان زیاتر لە ٥ میلیاردی مێتری سێجا ئاوی شیرینی بۆ وڵاتەکەمان بە دیاری هێناوە، کە بڕی ئەو ئاوە ٢.٥ میلیارد دۆلار دەخەمڵنێرێت.

جیا لەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی دیکەی ڕێژیمیش هاتنی لافاوەکانیان بە نعمەتی خوا وەسف دەکەن.

کاربەدەستانی ئەو ڕێژیمە، هیچ بیر لەوە ناکەنەوە کە لافاوەکان وێرانیی و زەرەری زیاترە هەتا قازانج.

هەتا ئێستا ڕێژیمی ئێران بە هانای خەڵکی لێقەوماوەوە نەچووە و تەنیا لە تریبۆنەکانەوە باس لە یارمەتی بە خەڵک دەکەن.

قسەکانی "ئەردەکانیان"، وەزیری وزەی ڕێژیم و سەرجەم بەرپرسانی دیکە بۆ قازانجی لافاوەکان حاشاکردنە و چاوبەستنە لە ڕاستییەکان.

بە هۆی هاتنی لافاوەکان، زەوییە کشتوکاڵییەکانی پێنج پارێزگای سنە، کرماشان، خووزستان، گوڵستان و فارس کە جەمسەری بەرهەمهێنانی گەنم لە ئێراندان زیانیان پێ گەیشتووە. هاوکات پێنج پارێزگای بەرهەمهێنانی برنج وەکوو: مازەندەران، گیلان، گوڵستان، فارس و خووزستان تووشی خەسار بوونە.

لێکدانەوەی ئەو ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات، که کۆمەڵگای ئێران لەو کاتە قەیرانییە لە داهاتوودا، لە بواری بەرهەمی گەنم و برنج تووشی قەیرانێکی بەرین دەبێت.