کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو ئاسەوارگەلێکی زۆری لێ کەوتەوە

14:00 - 19 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: بارینە لەڕادەبەدەرەکانی باران و تەرزە لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا، هاتنی لافاوێکی زۆری بەدواوە بوو، کە بووە هۆی ماڵوێرانیی خەڵک و ئاسەوارگەلێکی زۆری لە خۆی بەجێ هێشتووە.

 لە سەرەتای ساڵی نوێدا، شەپۆلێکی بارانبارین، زۆربەی شارەکانی کوردستان و ئێرانی گرتەوە، که بووە هۆی هاتنی لافاو و ماڵ و حاڵی خەڵکی لەم ناوچانەدا تێک دا. لە سەرەتای شەپۆڵی لافاوەکەدا پارێزگای گوڵستان زیانێکی زۆری بەرکەوت و دواتر ئەم شەپۆله خۆی گەیاندە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەسارێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، کە لەوانە دەکرێت ئاماژه به پارێزگاکانی کرماشان و لوڕستان بکرێت.

لە پارێزگای کرماشان، بەراوردکردنی سەرەتاییی خەسارەکان نیشانی داوە، که لافاو لەم پارێزگایەدا زیاتر لە ٣٤٥ میلیارد تمەن خەسارەتی بەدواوە بووە؛ لەم پارێزگایەدا ٣٠ سەر مەڕوماڵات لە نێو چووە و ١٣٠٠ یەکەی نیشتەجێبوونیش وەبەر لافاوەکە کەوتوون.

ئومید قادری، بەڕێوەبەری میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندبوو: بە هۆی هاتنی لافاو، ئاسەوارە مێژوویییەکانی ئەو شارە خەسارەتی ٢٠ میلیارد تمەنی پێگەیشتووە. ناوبراو هەروەها وتبووی: خەسارەکان زیاتر به ئاسەوار و بینا مێژوویییەکانی ئەو پارێزگایە گەیشتووە.

لە پارێزگای لوڕستانیشدا  زۆربەی پردەکان بە هۆی لافاوەوە لە نێو چوون که ئەمە پچڕانی پێوەندیی نێوان کووهدەشت و بەشە کوێستانییەکانی لەگەڵ ناوەندی شاردا بەدواوە بووە و گەیاندنی یارمەتییەکانیشی ئەستەم کردووەتەوە.

عەبدوڵمەلک شەنبەزادە، بەڕێوەبەری میراتی فەرهەنگی، پیشە دەستییەکان و گەشتیاریی پارێزگای ئیلامیش، باسی لەوە کردووە، که ئاسەوارە مێژوویییەکانی پارێزگای ئیلام ٨ میلیارد تمەن خەسارەتیان بەرکەوتووە.

ئیدارەی کەشناسیی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی بەردەوام هۆشدارییان بە خەڵک دەدا، کە ماڵەکانیان بەتایبەت لە لێواری ڕووبار و بەنداوەکان چۆڵ بکەن، هەتا بتوانرێت پێش به خەسارە گیانییەکانی بگیردرێت.

محەممەدعەلی ڕەزایی، یەکێک لە نزیکانی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، سەبارەت بە خەساری لافاوەکانی ئەم دواییانه، وتوویەتی: هێشتا بەتەواوەتی خەساری گەیشتوو بە خانووەکان بەراورد نەکراوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێک کە بە من گەیشتووە، لافاوەکە به گشتی ٩٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی تووشی خەسار کردووە.

کەریم یاوەری، بەرپرسی پشتیوانی لە کار و بیمەی بێکاریی وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەلایەتیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: که نزیک به ٢٠٠ کارگه له شارەکی ئاق‌قوڵا کەوتوونەتە بەر لافاوەوە، کە لە ئاکامدا بێکاربوونی  ٣ تا ٥ هەزار کەسی لێ کەوتووەتەوە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیش خەساری زۆریان بەرکەوتووە.

هەر لەم پێوەندییەدا، فەرەیدوون خودنیا، بەرپرسی شێرکەتی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای لوڕستان ڕایگەیاندووە: که ٣٠٩ گوندی ئەم پارێزگایه کە ١٥ هەزار بنەماڵەن، کارەبایان نییە.

لە لایەکی تریشەوە، جێگری پاراستنی ئاو مەنتەقەیی پارێزگای سنه ڕایگەیاندووە: که ٦ بەنداوی ئەم پارێزگایه سەرڕێژیان کردووە و بە شێوەی نێونجی ٨٧ لەسەدی بارستایی بەنداوەکانی ئەم پارێزگایه لە ئاو پڕ بوونەتەوە.

بارینی باران لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانیش هێشتا بەردەوامه و لە زۆربەی شوێنەکاندا هێشتا دۆخەکە ئاسایی نەبووەتەوە.

لە شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتیشدا، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی، بە کۆکردنەوەی یارمەتی لە کەمپەینی زاگرۆس چاوەڕێمانه، هەوڵی یارمەتیگەیاندن بە خەڵکی لافاولێدراویان داوە. لە تازەترین چالاکیدا ، ئەندامانی دامەزراوەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتیی زاگرۆس لە شاری سنه، به گەڕان لە نێو بازاڕەکاندا هەوڵی کۆکردنەوەی یارمەتی لە نێو بازاڕییەکانییان داوە.