کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی ئەستەمتر کردووە

10:39 - 6 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ مانگ بە سەر بوومەلەرزەکەی شاری سەرپێڵی زەهاو و تێپەڕبوونی ٧ مانگ بە سەر لافاوە ماڵوێرانکەرەکەی خوڕم ئاوادا، دۆخی خەڵکی لێقەوماو نالەبارە و بارینەکانی ئەمساڵیش زیانی پێگەیاندوون.

وێنە و ڤیدیۆ بڵاوکراوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، نیشان دەدەن کە پاش تێپەڕبوونی ٢٣ مانگ بە سەر بوومەلەرزەکەی شاری سەرپێڵ زەهاودا، سەرەڕای ئەوەی کە خەڵک هێشتا لە نێو کانێکس و چادردا دەژین، بارانەکانی پاییزی ئەمساڵیش بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ژیانی خەڵک لەو شارەدا.

بەهۆی زۆربوونی باران بارینەکانی پاییزی ئەمساڵەوە، ئاوی باران نێو کانێکسەکانی گرتووەتەوە و زۆربەی کەلوپەلی ئەو خەڵکە کەوتوونەتە سەر ئاو و ئەمەش ژیانی لێ ئەستەمتر کردوون.

لە لایەکی تریشەوە، خەڵکی خوڕم ئاوا کە بە هۆی لافاوە ماڵوێرانکەرەی سەرەتای بەهاری ٩٨ـەوە، زیانێکی ئێجگار زۆریان پێگەیشتبوو، بەهۆی بارانە پاییزییەکانیشەوە تووشی کێشە بوونە.

لە شاری خوڕم ئاوادا، هۆشداری چۆڵکردنی ١٦٠ خانوو لە ناوچەی "گورگانە" بەهۆی لافاوەکانەوە دراوە، هەروەها لافاوی ڕۆژانی ڕابردووش، بووەتە هۆی ڕووخانی پردی پێوەندیی نێوان ٨٠٠ خانواری "پۆلدۆختەر"، کە لە بەهاری ٩٨یشدا، بە هۆی لافاوەوە ڕووخا و دواتر لە لایەن ڕێژیمەوە ساز کرایەوە، بەڵام لە ڕاستیدا نەبوونی بەستەرسازییەکی درووست و کارناسانە ڕووخانی دووبارەی ئەو پردەی لە باران بارینەکانی ئەم دواییانەدا بە دواوە بووە.

بەڵێنییە پووچ و بێبنەماکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا ، بەرانبەر بە دۆخی بوومەلەرزەلێدراوانی سەرپێڵ زەهاو، دۆخی ژیانی خەڵکی سەخت کردووەتەوە و بەم پێیە ئەگەر باران بارینەکانی ئەمساڵ بە شێوەیەکی جیددی دەست پێبکەن، چاوەڕوان دەکرێت کە خەڵکی بوومەلەرزەلێدراو و لافاولێدراوی ئێران و کوردستان ڕۆژانێکی سەختر تێپەڕ بکەن و کارەساتگەلی گەورەتریان بە سەردا بێت.