کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لافاو زۆربەی قوتابخانەکانی لوڕستانی وێران کردووە

14:09 - 18 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: هاتنی لافاو لە لوڕستان بووەتە هۆی لەنێوچوونی نزیک بە ١٠٠ قوتابخانە لە لوڕستان.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان لە ڕێکخراوی "نێهزەتی سەوادئامووزی"، نوێنەری تایبەتی وەزیری پەروەردە و بارهێنان لە لوڕستان، باسی لە لەنێوچوونی ٨١ قوتابخانە و ٣٤٤ پۆلی وانەوتنەوە کردووە و هەروەها باسی لەوە کردووە، کە ٥٥٠ قوتابخانە، پێویستی بە نۆژەنکردنەوە هەیە و کەرەستەی ١٢١ قوتابخانە لە لافاوەکانی ئەم دواییانەدا لە لوڕستاندا لە نێو چوونە.

لە دوای بارینی بارانی زۆر و سەرڕێژبوونی چۆم و بەنداوەکان لە لوڕستاندا، زۆربەی ناوچە و گوندەکانی ئەو پارێزگایە چوونەتە ژێر ئاوەوە و خەڵک تووشیاری بارودۆخیکی نالەباری مادی و دەروونی هاتوون و بەرپرسانی ڕێژیمیش هیچ هەوڵێکی بەرچاو بۆ بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو نادەن، کە لە داهاتوودا بەدیهاتنی کێشەگەلێکی قووڵی کۆمەڵایەتی و ڕۆحی و جەستەیی لێ دەکەوێتەوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، لە دوای هاتنی بوومەلەرزە لە کرماشان و سەرپێڵی زەهاو و دەوروبەریدا، زیاتر لە ٢٤٠ نموونەی خۆکوژی ڕووی داوە و ئەمە لە لێکەوتەکانی کەمتەرخەمیی رێژیم بەرانبەر بە لێقەوماوانی ڕووداوە سروشتییەکانە.