شەوی هەینی دوای ئەوەیکە تیمی فوتباڵی پێرسپۆلیس قارەمانیی بەدەست هێنا، لایەنگرانی ئەو تیمە لە هەندێک لە شارەکان لە گردبوونەوەی خۆیاندا دروشمی سیاسییان دژی ڕێژیمی ئێران دا و هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم هێرشیان کردە سەریان.
ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بووەتەوە نیشان دەدات کە لایەنگرانی تیمی پێرسپۆلیس لە شەقامەکانی تاران دروشمی ''نەمان بۆ ئەسڵی ویلایەتی فەقیهـ'' و ''نەمان بۆ دیکتاتۆر'' دەڵێنەوە و هێزەکانی ڕێژیم با ماتۆڕ ڕژاونەتە نێو خەڵک و بە باتۆم لە خۆپیشاندەران دەدەن.
لە هەندێک لە شەقامەکانی تاران خۆپیشاندەران زبڵدانەکانیان ئاگر تێبەرداوە و شەقامەکانیان داخستووە.
دەوری نوێی خۆپیشاندانەکان لە ئێران، دوو حەوتوو لەمەوبەر لە شارەکانی ئەحواز لە کاردانەوە بە قەیرانی بێ ئاوی و ناکارامەیی ڕێژیم لە کۆنترۆڵکردنی ئەو قەیرانە دەستی پێکرد و دواتر خەڵک لە شارەکانی دیکە بە دژی ڕێژیمی ئێران هاتنە سەر شەقام.
لە ڕەوتی ئەو خۆپیشاندانەدا ٩ کەس لە خەڵکی ناڕازی بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و بە دەیان کەسیش دەسبەسەر کران.