ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە گوندی "مێراو" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٦ـەمین ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، پەیامێکی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هاونیشتمانییانی هێژا!
هاوسەنگەرانی شار و شاخ!
هاوحیزبییە تێکۆشەرەکانمان!
۷۶ ساڵ لە دامەزراندنی حیزبە شۆڕشگێڕەکەمان، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران تێپەڕی و هەر ڕاساو و بە تین لە سەنگەری نیشتمان لە شار و شاخدا درێژە بە خەبات و تێکۆشانمان دەدەین.
با نەیار و داگیرکەر بزانن کە ئێمە لە قوتابخانەی حیزبێک فێری شۆڕشگێڕی و خەبات بۆ نیشتمان بووین کە دوای شەهیدکردنی سێ ڕێبەری گەورەی وەک "پێشەوا قازی"، د. "قاسملوو" و د. "شەرەفکەندی" و هەزاران شەهیدی تر و ئەو گشتە برینە قورسانە هێشتا هەر کۆڵی نەداوە و زۆرتر لە جاران لەسەر خەبات بۆ مافە ڕەواکانی گەلەمان سوورترە و درێژە بە تێکۆشان دەدات، بۆیە ئێمەش وەکوو ڕێبوارانی ئەو قوتابخانەیە هەتا ڕزگاریی گەل و نیشتمان بەو ڕێبازە وەفادار دەمێنینەوە.
ئێمە وەکوو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات، لە گوندی مێراو، بەم بۆنە پیرۆزەوە گەرمترین و ڕازاوەترین پیرۆزبایی خومان ئاراستەی خەڵکی کوردستان، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییە خۆڕاگرە سیاسییەکان، پێشمەرگه چاونەترسەکانی شاخ و شار و بنەماڵەکانیان و سەرجەم ئەندامان و لایەنگرانی حیزب دەکەین.
هیوادارین ساڵێکی تر هەموومان پێکەوە ئەم جەژنە پیرۆزە لە شارە و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئازادی بگرین.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
هەر ڕاساو بێت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە گوندی مێراو
٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی