کوردستان میدیا

پێنجشەممه 19ی پووشپەڕ 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە "ئەوێهەنگ" پەیامێکیان بڵاو کردەوە

13:24 - 6 پووشپەڕ 2720

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران، لە گوندی ئەوێهەنگ سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، ڕق و بێزاریی خۆیان دژ بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەربڕی و بەهۆی تیربارانکردنی کاک "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور" پەیامێکیان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

سڵاوێکی گەرم و شۆڕشگێرانە بۆ هەموو دڵسۆزانی نیشتمانپەروەر، بەتایبەت پێشمەرگە قارەمانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێڕای دەربڕینی ڕق و بێزاریی خۆمان لە ڕێژیمی مرۆڤکوژی کۆماری تێرۆریستپەروەری ئیسلامیی ئێران کە لەمێژە دەستی بە خوێنی خەڵکی کوردستان سوورە و بە هەموو شێوازێک دژایەتی گەلەکەمان دەکات، تیربارانکردنی ڕۆڵەی تێکۆشەری گەلەکەمان کاک "هیدایەت عەبدوڵڵاپوور"، بە دەستی تاریکپەرستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، نیشاندەری دڕندەیی ئەو ڕێژیمەیە کە ڕەشچاڵەکانی پڕ کردوون لە ئازادیخوازان.

بەڵام کاروانی خەبات درێژەی هەیە و خوێنی شەهیدان مەشخەڵی ڕێگای هەموو کوردێکی خاوەن هەڵوێستە.

شەهید دوکتور قاسملووی مەزن دەفەرمێت: "گەلێک ئازادی بوێ دەبێ نرخی ئەو ئازادییەش بدا"، ئێمەیش بە گیان و بە دڵ ئامادەی گیانفیدایین بۆ ڕزگاریی کوردستان.

بە ئەرکی سەرشانی خۆمانی دەزانین سەری ڕێز و حورمەت بۆ بنەماڵەی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی دانوێنین، هەروەها بەبۆنەی شەهیدکردنی ڕۆڵەی قارەمان کاک "هیدایەت"، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی، خزم و کەسوکاری و هەموو گەلی کورد دەکەین، چاوی منداڵانی ئەو شەهیدە قارەمانە ماچ دەکەین.

مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تاریکپەرستی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوندی "ئەوێهەنگ" سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە