کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لایەنگرانی "محەممەدحوسێن گۆرگیج" بۆ دووەمین جار کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد

12:20 - 11 بەفرانبار 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٠ی بەفرانبار بۆ دووەمین جار لایەنگرانی "محەممەدحوسێن گۆرگیج" پێشنوێژی هەینیی سونییەکانی "ئازادشار"ی پارێزگای گوڵستان، لەهەمبەر لەسەرکارلابردنی ناوبراو کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ناڕازییان و تەقەیان لە هاووڵاتییانی ناڕازی کردووە.

ماوەی دوو حەوتوو لەمەوپێش، بە دوای وتاربێژیی "محەممەدحوسێن گۆرگیج" لەسەر ئیمامی سێیەمی شیعەیان، ناوبراو لەلایەن "کازم نورموفیدی" نوێنەری خامنەیی لە پارێزگای گوڵستان لەسەرکار لابرا و ڕێکەوتی ٢٦ی سەرماوەز "مەولەوی نیعمەتوڵڵا مەشعووفـ"ـی وەک پێشنوێژی نوێی ئازادشار دیاری کرد.

"گۆرگیج" لە وتاربێژیی خۆیدا لەسەر ئیمامی سێیەمی شیعەیان ئاماژەی بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی ئیمام حوسێن لەگەڵ شەهربانوو کردبوو و وتبووی: "دایکی ئیمام زەینولعابدین کچی یەزدگر بووە و دوای ئەوەیکە عومەر بنی خەتاب ئێرانی گرتووە، شەهربانووی لە ئیمام حوسێن مارە دەکات و نۆ ئیمامی دوایی، نەسڵی ئەو دوو هاوژینەن و لە ئەگەری ئەوەیکە جێنشینیی عومەر بنی خەتاب قەبووڵ نەکەین پێگەی ئەو نۆ ئیمامانە و ڕەچەڵەکەکەیان دێنینە ژێر پرسیار".